بە چاودێریی سەرۆک بارزانی (دیداری نیو سەدە، ڕێککەوتننامەی جەزائیر) بەڕێوەچوو
ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی ٥ی ٢٠٢٥، لە هەولێری پایتەخت بە چاودێریی سەرۆک بارزانی، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ٤٩ یەمین ساڵڕۆژی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، (دیداری نیو سەدە، ڕێککەوتننامەی جەزائیر) ساز کرد، کە تیایدا شرۆڤە و خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ ئەم ڕێککەوتننامەیە کرا.
لەو دیدارەدا، سیداد بارزانی نوێنەری سەرۆک بارزانی، ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی (پ.د.ک) و پارێزگاری هەولێر و کادرانی پێشکەوتووی سیاسی و دیپلۆماسی و فەرماندە باڵاکانی سەربازی و نووسەر و ڕۆشنبیران لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان ئامادە بوون.
دیدار بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان سەروەران (بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە لەیاد) دەستی پێ کرد.
لە دەستپێکی مەراسیمەکەدا دۆکیۆمێنتارییەک بە ناونیشانی (ڕێککەوتننامەی جەزائیر، گەلەکۆمەکی، هەستانەوەی یەکجارەکی)، پێشکەشی ئامادەبووان کرا.
د.سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، لە گوتارەکەیدا باسی لە گرنگی ڕێکخستنی دیدارەکە کرد و ڕایگەیاند:
“بۆ ئەوەی هەموومان بگەڕێینەوە بۆ دوێنێ، هەموومان بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژانی تێکۆشان و خەبات، هەموومان بگەڕێینەوە بۆ ڕۆژانی پڕ عیزەتی پێشمەرگایەتی شۆڕشی ئەیلوول و بەر لە شۆڕشی ئەیلوولیش، دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەر لە دامەزراندنی پارتییش شۆڕشی بارزان و ئەم دیرۆکە پڕ ئیفتیخارەی ڕێبازی بارزانی بەبیر خۆمان و نەوەی تازە و توێژەران و سیاسەتڤانان و ڕۆژنامەنووسان بێنینەوە.”
بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن گوتیشی:
“لە یادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، دەمانەوێ بڵێین ئەگەر دوژمنان و ناحەزان و نەیارانی گەلی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، گەلەکۆمەکی لە دژمان بکەن، لە دژمان سەنگەرەکان پتەو بکەن، پیلان و ڕێککەوتنی شوم ساز بکەن، ئیرادەیەکی کوردی هەیە کە شۆڕش هەڵدەگیرسێنێتەوە، ئەم ئیرادەیە، ئیرادەی بارزانییە.”
پانۆرامای برینی بێ خوێن، بەرهەمی (بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەریی دهۆک.)، یەکێکی دیکە بوو لە بڕگە گرنگەکانی دیدار، کە گوزارشتی دەکرد لە ڕێککەوتننامەی جەزائیر و دواتریش قۆناغی هەستانەوەی شۆڕشی گوڵان و ئەو وێستگە جیاواز و دژوارانەی کە کورد پێیدا تێپەڕیووە.
لە بەشی دووەمی دیدارەكە، پانێڵێك بە ناونیشانی (مێژوو و لێکەوتەی ڕێککەوتننامەی جەزائیر) دەستی پێ کرد و تیایدا هەریەکە لە د.مەحموود عوسمان، بە شێوەی ڤیدیۆی تۆمارکراو و د.ماریەم بێنراد و د.عەبدولحوسێن شەعبان، لە ڕەهەندی مێژووییەوە تیشکیان خستە سەر نێوەڕۆکی ڕێککەوتننامەکە و لێکەوتەکانی.
لە پانێڵی دووەمدا، لە ڕەهەندی سیاسییەوە گفتوگۆ لەبارەی ڕێککەوتننامەکە کرا، هەریەکە لە د.بیلال سەمبوور، د.قودرەت ئەحمەدیان، دارا عەتار، دیدگای خۆیان سەبارەت بە بوارە سیاسییەکەی ڕێککەوتننامەی جەزائیر خستەڕوو.
لە پانێڵی سێیەم و کۆتاییدا، هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پ.د.ک و د.گاریس ستانسفێڵد و د.شێرزاد نەجاڕ، لە پانێڵی “کورد و کوردستان دوای نیو سەدە لە ڕێککەوتننامەی جەزائیر”دا، بە وردی باسیان لە قۆناغی ڕێککەوتننامەی جەزائیر و ئەو بارودۆخەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
جێگەی ئاماژەیە، لە تەواوی پانێڵەکان، وتووێژ و سەرنج و پرسیار لەلایەن ئامادەبووانی دیدارەکە هەبوو، بە وردی شرۆڤەی نێوەڕۆک و ناونیشانی پانێڵەکان کرا.
دواتر، پاش پێکهێنانی لیژنەی ڕاسپاردەکان، چەندین ڕاسپاردە ئامادەکران و خوێندرانەوە، کە گوزارشتیان لە دید و بۆچوونی پسپۆڕ و شارەزایان دەکرد لەبارەی ڕێککەوتننامەی جەزائیر.
لە کۆتاییدا بە چرکاندنی وێنەی یادگاری، کۆتایی بە دیدارەکە هات.





