نێچیرڤان بارزانی: شۆڕشی گوڵان نموونەیەکی بێ وێنە بوو لە ئیرادەی گەلێک بۆ رەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری
لە یادی 49 ساڵەی شۆڕشی گوڵاندا جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، “نموونەیەکی بێ وێنە بوو لە ئیرادەی گەلێک کە بۆ رەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری، ھەرگیز کۆڵی نەدا.”
نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 26ی ئایار بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، “لە شۆڕشی گوڵاندا گەلی کوردستان دووبارە سەلماندی کە لەپێناو پاراستنی بوون و ئازادیی خۆیدا، بۆ ھەموو قوربانیدانێک ئامادەیە.”
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، “با یادی شۆڕشی گوڵان ھاندەری زیاترمان بێت بۆ تەبایی و پێکەوەیی، تا بە کاری ھاوبەش و ھاریکاری، بەرەو داھاتوویەکی باشتر ھەنگاو بنێین.”
دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان:
لە کاتێکدا ئەمڕۆ یادی 49 ساڵەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان دەکەینەوە، بە رێز و شکۆدارییەوە شەھیدانی نەمر و ھەموو ئەو قارەمان و جوامێرانە بەبیردەھێنینەوە کە لەم شۆڕشە مەزنەدا گیان و خوێنیان لەپێناو ئازادیدا بەخشی.
شۆڕشی گوڵان وەکو درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە رابەرایەتیی بارزانیی نەمر، نموونەیەکی بێ وێنە بوو لە ئیرادەی گەلێک کە بۆ رەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری، ھەرگیز کۆڵی نەداوە. لە شۆڕشی گوڵاندا گەلی کوردستان دووبارە سەلماندی کە لەپێناو پاراستنی بوون و ئازادیی خۆیدا، بۆ ھەموو قوربانیدانێک ئامادەیە.
لەم یادەدا دووپاتی دەکەینەوە کە ئەرکی ھەموومانە میراتی شەھیدان و فیدراڵی و دەستکەوتە دەستوورییەکانی بپارێزین و بە یەکڕیزی و ھاوکاری درێژە بە ڕێگەی ئەوان بدەین. با یادی شۆڕشی گوڵان ھاندەری زیاترمان بێت بۆ تەبایی و پێکەوەیی، تا بە کاری ھاوبەش و ھاریکاری، بەرەو داھاتوویەکی باشتر ھەنگاو بنێین.
بەرز و شکۆدار بێت یادی شۆڕشی گوڵان، دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدان، سڵاو لە ھەموو پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
26ی گوڵانی 2025