سەرۆک بارزانی: شۆڕشی گوڵان، یەكێكە لە گرنگترین وێستگەكانی بەرخودان و خەباتی گەلی كوردستان

دووشەممە، 26ـی ئایاری 2025، سەرۆک بارزانی، لە ساڵیادی لە چل و نۆیەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا پەیامێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، شۆڕشی گوڵان، یەكێكە لە گرنگترین وێستگەكانی بەرخودان و خەباتی گەلی كوردستان كە درێژكراوە و هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە.

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، گەلەكەمان قوربانیی زۆری دا، زۆر پێشمەرگەی قارەمان گیانی خۆیان فیدای كوردستان كرد، بەشێكی زۆری ڕۆڵەكانی گەلەكەمان ئاوارەیی و ماندوویەتی و كۆڵنەدانیان هەڵبژارد.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

شۆڕشی گوڵان، یەكێكە لە گرنگترین وێستگەكانی بەرخودان و خەباتی گەلی كوردستان كە درێژكراوە و هەڵگری پەیام و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولە. لە بارودۆخی نالەباری دوای نسكۆ و لە ئاوارەیی و لەژێر گوشاری جۆراوجۆری نەیارانی گەلی كوردستان توانرا بە پلانێكی وردی تەنزیمی و سەربازی و بە ئیرادەیەكی بەهێز شۆڕشی گوڵان هەڵبگیرسێت.

لە شۆڕشی گوڵاندا، گەلەكەمان قوربانیی زۆری دا، زۆر پێشمەرگەی قارەمان گیانی خۆیان فیدای كوردستان كرد، بەشێكی زۆری ڕۆڵەكانی گەلەكەمان ئاوارەیی و ماندووییەتی و كۆڵنەدانیان هەڵبژارد. شۆڕشی گوڵان بۆ هەموو لایەكی سەلماند كە ئیرادەی تێكۆشان و خەباتی گەلی كوردستان بۆ ئازادی هەرگیز ناشكێت و بەردەوام دەبێت.

لە چل و نۆیەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا، سڵاو بۆ گیانی یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان شەهید سەید عەبدوڵلا حاجی ئۆمەرانی و هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان دەنێرین، هەروەها پێزانینم بۆ هەموو ئەو تێكۆشەر و پێشمەرگە و ئەو نیشتیمانپەروەرانە هەیە كە ڕۆڵیان لە شۆڕشی گوڵاندا هەبوو و شانازییان بۆ گەلەكەمان تۆمار كرد.

دڵخوازەكانتان