سەرۆك بارزانی پێشوازی لە كونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەولێر کرد

سەرۆک بارزانی لە سەلاحەدین پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتیی فەلەستین لە هەولێر کرد و لە دیداری نێوانیاندا دووپات لە پەرەپێدانی پەیوەندیی و دۆستایەتی نێوان هەردوولا کرایەوە.

ڕۆژی سێشەممە 13ی ئایاری 2025 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆز ماهر ئەلكەركی كونسوڵی گشتیی نوێی فەڵەستین لە هەولێر كرد.

بارەگای بارزانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە؛ “لە دیدارەكەدا كونسوڵی گشتیی فەڵەستین وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەڵەستین سڵاوی سەرۆك مەحمود عەباس، سەرۆكی فەڵەستین و سەركردایەتی و گەلی فەڵەستینی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و جەختیشی لە بایەخی بەردەوامی و پەرەپێدانی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەردوولا كردەوە”.

بەگوێرەی راگەیەنراوەکە؛ “هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر پەیوەندییەكانی نێوان گەلی كوردستان و گەلی فەڵەستین لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی ڕەوای گەلی فەڵەستین هەر لە سەردەمی سەرۆك یاسر عەرەفات هەتا سەرۆك مەحمود عەباس و جەختیشی لەوە كردەوە كە دۆزی گەلان ئەگەر لە هەندێ وێستگەشدا تووشی نوشست یان وەستان ببن بەڵام هەرگیز كۆتاییان نایەت”.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی؛ “هیوای خواست كە كۆتایی بە ئەو كارەسات و نەهامەتیانە بێت كەبەسەر گەلی فەڵەستیندا هاتووە و دۆزی ڕەوای گەلی فەڵەستین بە ئاشتی و چارەسەرێكی ڕەوا و هەمیشەیی بگات”.

دڵخوازەكانتان