یەكێتیی ئەورووپا پاڵپشتیی لە سەقامگیری و پێشڤەچوونی زیاتری هەرێمی كوردستان دەکات
یەكشەممە، 11ی ئایاری 2025، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە ڕادو بوتوم، بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان كرد.
بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە “لە دیدارەكەدا، بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان وێڕای ئاماژەدان بە سەقامگیریی و بووژانەوەی هەرێمی كوردستان و هەماهەنگیی نێوان نووسینگەی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێم و ناوەندە فەرمی و نافەرمییەكانی هەرێمی كوردستان كورتەیەكی لە ڕوانگەی یەكێتیی ئەورووپا بەرانبەر هەرێمی كوردستان بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو و ئەوەشی ڕاگەیاند كە یەكێتیی ئەورووپا پاڵپشتیی لە بوونی سەقامگیری و پێشڤەچوونی زیاتری هەرێمی كوردستان و پەرەپێدانی ئابووری و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییان دەكات.”
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا، وەک ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە “بیروڕا لەبارەی دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە و ئاییندەی كورد لە سووریا و هەروەها پرۆسەی چارەسەریی ئاشتیانە لە توركیا ئاڵوگۆڕ كرا و بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە یەكخستنی ڕوانگەی لایەنە كوردییەكانی سووریا و هەروەها یارمەتیدانی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتیانەی توركیا بەرز نرخاند.”