لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت، باڵوێزی هیندستان، ستایشی پرۆسەی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستانی کرد
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە سۆمین باگچی باڵوێزی نوێی هیندستان لە عێراق کرد. لە کۆبوونەوەکەدا، کە مادان گۆپال، کونسوڵی گشتیی هیندستان لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون لە باڵوێز، پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ دەربڕی. هەروەها جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هیندستان کردەوە.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی کونسوڵی گشتیی هیندستانیشی کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.
باڵوێزی هیندستان، ستایشی پرۆسەی پێشکەوتن و ئاوەدانیی هەرێمی کوردستانی کرد و خواستی وڵاتەکەی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی كوردستان دووپات کردەوە، بە تایبەتی لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان لە سیستەمی بانکی.
باڵوێزی هیندستان هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە کار بۆ ئەوە دەکەن گەشتی ڕاستەوخۆی فڕۆکەوانی لەنێوان هەولێر و شارەکانی هیندستان هەبێت.