مەسرور بارزانی: میتێکس2025 هەنگاوێکی زۆر باشە بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزاری
سێشەممە، 06-05-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمێکدا سێیەمین پێشانگەی گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە هەولێر (میتێكس2025) کردەوە.
بەشێکی گوتاری سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و مێهرەبان
ئامادەبووانی هێژا، خوشک و برایانی بەڕێز، زۆر زۆر بەخێر بێن. بە تایبەتی دیپلۆماتکارەکان، نوێنەرانی کونسوڵخانەکان، نوێنەری کۆمپانیا بیانییەکان ئەوانەی کە بەشدارن ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمە، هەروەها هەموو کۆمپانیا ناوخۆییەکان، نوێنەرەکانیان.
ئامادەبووانی هێژا، خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم، لە سێیەم پێشانگەی (میتێکس) هی گەشتوگوزاری لە شاری هەولێر، کە ئەمە بێگومان، هەنگاوێکی زۆر باشە بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتوگوزاری.
شاراوە نییە کە بەشێک لە ئەجێندا و سیاسەتی حکوومەتی هەرێم، لە بووژاندنەوە و پێشخستنی ئابووریی کوردستان، گەشەپێدان و بووژاندنەوەی کەرتی تایبەتی گەشتوگوزاری و کەرتی گشتییە. بە شێوەیەکی گشتی هەم حکوومەت و هەم کەرتی تایبەت بە یەکەوە بتوانن گرنگی بە پەرەپێدانی کەرتی گشتوگوزاری بدەن.
ئێمە لەم ماوەیە هەوڵێکی زۆرمان داوە کە ئاسانکاری بکەین و حکوومەتیش هاوکار بێت تاکوو پەرە بەم کەرتە بدرێت، بۆ ئەوەی سەرچاوەی داهات لە هەرێمی کوردستان هەمەچەشن بکرێت و ئێمە ئەو کەرتانەی کە یارمەتیدەرن بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان وەکوو خۆی گرنگییان پێ بدەین و پاڵپشتیان بین.
هەرێمی کوردستان شوێنێکی زۆر دەوڵەمەندە، هەم لە ڕووی مێژوو، هەم لە ڕووی کولتوور، لە ڕووی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و جوانیی سرووشت و دەبێت هەوڵی ئەوەش بدرێت کە خزمەتگوزاریی زیاتریش دروست بکرێت بۆ هاندانی خەڵكێک چ لە ناوخۆ، چ لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بتوانن سوود لەو کەرتە وەربگرن.