سەرۆک بارزانی جەخت لە پێكەوەژیان و خۆشەویستی نێوان پێكهاتەكانی عێراق دەکاتەوە
یەكشەممە 4ی ئایاری 2025، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی عەشیرەتی ئەلبغزات سەر بە هۆزی ئەلجبور بە سەرۆكایەتیی شێخ عیسا موحسن ئەلسەبیل كرد.
بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە “لە دیدارەكەدا شاندی میوان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە قووڵكردنەوەی ڕۆحی لێبوردەیی و برایەتیی لەنێوان پێكهاتەكانی عێراق هەبوو و هەروەها سوپاسی گەلی كوردستانیان كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا باوەشیان بۆ حەواندنەوە و پەنادانی سەدانهەزار ئاوارەی پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق كردەوە.”
ئاماژە بەوەش کراوە “هەر لەو دیدارەدا جەخت لەسەر هەماهەنگی و پەیوەندیی نێوان پێكهاتەكان و بەهێزكردنی بەهاكانی پێكەوەژیان و خۆشەویستی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی عێراق و ڕیشەكێشكردنی توندڕۆیی و نەهێشتنی كولتووری ڕق و تۆڵە كردەوە.”
لەو دیدارەدا مونا ئەلسەبیل ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەك لە كەسایەتییەكانی عەشیرەتی ئەلبغزات ئامادە بوون.