کارکردن بۆ تەواوکردنی رێگەی کەلار – سلێمانی دەستیپێکردەوە

تاوەکو ئەمڕۆ رێگەی دوو سایدی کەلار – دەربەندیخان بە فەرمی نەکراوەتەوە. قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت، پێنج ملیار دینار بۆ پڕۆژەکە تەرخانکراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، کارکردن لە دووسایدی دەربەندیخان – زەڕایەن دەستیپێکردووە.

پڕۆژەی ستراتیژیی دووسایدکردنی رێگەی کەلار – دەربەندیخان لە قۆناخی کۆتاییدایە و تاوەکو کۆتایی ساڵی رابردوو 95٪ـی کارەکانی تەواو کرا. بڕیار بوو سەرەتای ئەم ساڵ رێگەکە بە فەرمی بکرێتەوە، بەڵام کەمیی بودجە کارەکانی کۆمپانیای جێبەجێکاری خاوکردەوە.

سلێمان محەممەد، قایمقامی قەزای دەربەندیخان، رکارکردن بۆ تەواوکردنی رێگەی کەلار – سلێمانی دەستیپێکردەوەڕایگەیاند “هەفتەی رابردوو وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان بڕیاری خەرجکردنی پێنج ملیار دیناری بۆ رێگەکە دا و کارەکان بۆ تەواوکردنی چڕکراونەتەوە”.

وەک ئاماژەکردن بە دەستپێکردنەوەی کار بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە، هاتووچۆی گەرمیان رایگەیاند، شۆفێران ئاگاداردەکەنەوە لە رێگەی کەلار – دەربەندیخان لە نزیک گوندی ئاوەخێری، رێگەکە یەک ئاراستە دەبێت تاوەکو گوندی بان خان بەهۆی کارکردن لە سایدی دووەم.

قایمقامی دەربەندیخان دەڵێت: “کارەکان خێرا کراون و دوایین کات بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە دوو مانگ دانراوە”.

هەر سایدێکی پڕۆژەکە 40 کیلۆمەترە، ساڵی رابردوو 76 کلیۆمەتری تەواو کرا.

رێگەی نێوان کەلار و دەربەندیخان 34 پردی تێدایە و 32 پردیان تەواو کراون و دووانەکەی دیکەش زۆرینەی کارەکانیان تەواو کراوە.

پڕۆژەکە ساڵی 2017 بەردی بناخەی دانرا، خەرجنەکردنی پارە لە کاتی خۆیدا بووە هۆکاری دواکەوتنی تەواوبوونی.

رێگەی دەربەندیخان – زەڕایەن

نێوەڕاستی نیسانی 2025، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، واژۆی لەسەر نووسراوێک کرد کە تایبەت بوو بە دووسایدکردنی رێگەی نێوان قەزای دەربەندیخان و ناحیەی وارماوا.

قایمقامی دەربەندیخان گوتی: “هەرچەندە هێشتا بودجە بۆ کارەکە تەرخان نەکراوە، بەڵام کۆمپانیای جێبەجێکار کارکردنی دەستپێکردووە و ئێستا کاردەکات”.

بە گوتەی سلێمان محەممەد، پڕۆژەکە لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جێبەجێ دەکرێت.

بە تەواوبوونی رێگەی کەلار و دەربەندیخان و دەربەندیخان – زەڕایەن، تەواوی رێگەی کفری تاوەکو سلێمانی دەبێتە دوو ساید، کە دانیشتووانی قەزاکانی کفری، کەلار، خانەقین، دەربەندیخان، شارەزوور و بەشێکی پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ هاتووچۆ لێی سوودمەند دەبن.

دڵخوازەكانتان