سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندێکی تایلەندی کۆبووەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی تایلەند، پرسی هاریکاريی هاوبەش و هاوئاهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تایلەندیان لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان و گەشتوگوزار و خوێندن و تەندروستی و بەدیجیتەڵکردن گفتوگۆ کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە 29ـی نیسانی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی تایلەندی بە سەرۆکایەتيی دوسیت ماناپان ڕاوێژکاری وەزیری دەرەوە کرد.
لە دیدارەکەدا کە سوپارک پرۆنگسورە، باڵیۆزی شانشینی تایلاند لە ئوردن و عێراق ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا تاووتوێ کرا.
شاندەکە خواستی برەودان بە هاریکاريی هاوبەش و هاوئاهەنگی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان و گەشتوگوزار و خوێندن تەندروستی و بەدیجیتەڵکردن دووپات کردەوە.