“حکوومەتی عێراق لە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان خەمساردە”

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی باکوور “ئەپیکور” لە ڕاگەیندراوێکدا، داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان دەکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا.

ئەپیکور دەڵێت: لە 20ـی نیسان کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد، بۆ گفتوگۆ لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا، بەڵام بەداخەوە نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێک.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “حکوومەتی عێراق بەردەوام جەخت لە گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی نەوتی عێراق-تورکیا دەکاتەوە، بەلام هەوڵ و هەماهەنگییەکان بەم ئاراستەیە سنووردار و بێ بەرهەم بوون.”
دەشڵێت: ئەپیکور داوای چڕکردنەوەی هەوڵەکان دەکات بۆ دۆزینەوەی چارەیەک کە سوودی هاوبەشی هەبێت.

ڕاشیگەیاند “سەبارەت بە پێشنیازی ئەپیکور، بۆ دڵنیایی پارەی نەوت لە داهاتوودا، هەردوو حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، نیازی خۆیان بۆ ڕەچاو کردنی بژاردەکان نیشان داوە. سەرەڕای ئەمەش هیچ گفتوگۆیەکی جەوهەری سەبارەت ڕێکخستنەکانی تایبەت بە دڵنیاییدان پارەی کۆمپانیاکان نەبووە، هیچ بەرەو پێشچوونێکیش لە پرسی قەرزی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوتیش نییە.”

لای خۆیەوە مایڵز کاگینز، گوتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ڕایگەیاند “کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور، چەندان جار چارەیان بۆ پرسەکە پێشنیاز کردووە، بە گوێرەی یاسای بودجەی عێراق و هاوتەریب لەگەڵ گرێبەستی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت، کە لەلایەن دادگای عێراقەوە ڕەوا و یاسایین.”

ئاماژەی بەوەش دا، لە نەبوونی بەرەوپێشچوون نیگەران و پەشیمانین، هەرچۆنێک بێت، ئێمە لە هەوڵەکانمان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق- تورکیا بەردەوامین

دڵخوازەكانتان