سەرۆک بارزانی بۆ رۆژنامەڤانان: پیشەییانە لەگەڵ رووداو و پێشهاتەكاندا مامەڵە بكەن
ئەمڕۆ یادی 127 ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردییە؛ یەکەم رۆژنامەی کوردی بە ناوی (کوردستان) دەرچوو؛ یەکەم ژمارەی لە 22ـی نیسانی ساڵی 1898 بە هەوڵ و تێکۆشانی میر ميقداد ميدحه‌ت بەدرخان لە قاهیرەی پایتەختی میسر بڵاوکرایەوە.
نێچیرڤان بارزانی دڵنیایی دەدات لەوەی “به‌رده‌وام ده‌بين له كاركردن بۆ فه‌راهه‌مكردنى ژینگەی گونجاو بۆ کاری رۆژنامەنووسان کە تيايدا دەستگەییشتن بە زانیاری مسۆگەر بکات و لە هه‌موو کۆت و بەند و بەربەستێك دوور بێت، هه‌روه‌ها هەر پێشێلکارییەک لە چوارچێوەی یاسای رۆژنامەگەریدا، چارەسەر بكرێت.”
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی:
یادی 127ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن میر ميقداد ميدحه‌ت بەدرخانه‌وه، هه‌روه‌ها یادی 27ساڵەی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، به گه‌رمى و له دڵه‌وه له هەموو رۆژنامەنووسان و ميدياكارانى کوردستان پيرۆز دەکەم، هيواى پێشكه‌وتنى زياتر و سه‌ركه‌وتنى به‌رده‌واميان بۆ ده‌خوازم.
لەم بۆنەیەدا، جەخت لەسەر پابەنديمان بە ئازاديی رۆژنامەگەری و رادەربڕین و گرنگى و پێویستيی پاراستنی وشەی ئازاد وەک یەکێک لە بنەما سه‌ره‌كييه‌کانی دیموکراسی و پێشکەوتن و کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی ته‌ندروست و ئاسووده، ده‌كه‌ينه‌وه. به‌رده‌وام ده‌بين له كاركردن بۆ فه‌راهه‌مكردنى ژینگەی گونجاو بۆ کاری ڕۆژنامەنووسان کە تيايدا دەستگەییشتن بە زانیاری مسۆگەر بکات و لە هه‌موو کۆت و بەند و بەربەستێك دوور بێت، هه‌روه‌ها هەر پێشێلکارییەک لە چوارچێوەی یاسای ڕۆژنامەگەریدا، چارەسەر بكرێت.
باوەڕمان وایە ڕۆژنامەگەريی ئازاد، بوێر، بەرپرسیار و ڕه‌خنه‌گر، هاوبەشێکی سەرەکییە لە بنیاتنانی کوردستانێکی دادپەروەرتر و پێشکەوتووتر، بۆيه له‌م ياده‌دا وه‌ك هه‌ميشه ڕۆژنامەنووسان هان دەدەین کە پابەندی پیشەیيبوون و بێلایەنی و ڕاستگۆیی بن و لە زێدەڕۆیی و گوتاری هەڵچوون دوور بکەونەوە و بەرژەوەنديی گشتيی وڵات و ئاشتيی کۆمەڵایەتی لەسەرووی هەموو شتێکەوە دابنێن و ڕۆڵى كاراى خۆيان له پته‌وكردنى كولتوورى فره‌ڕه‌نگى و پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن و لێبورده‌يى، بگێڕن.
لەم ڕۆژەدا، بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی ڕۆژنامەگەريی كوردستان و هەموو ئەوانە دەکەینەوە کە لەپێناو گەیاندنی ڕاستی و خزمەتی کۆمەڵگەدا، قوربانییان داوە. ڕۆڵی ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لە چاودێریکردنی ئازاديی ڕادەربڕین لە کوردستان بەرز دەنرخێنین و دڵنيايان ده‌كه‌ينه‌وه كه سوود لە ڕاپۆرتەکانیان وەرده‌گرین بۆ پەرەپێدانی ژینگەی میدیایى و ڕۆژنامه‌وانى له وڵاته‌كه‌مان.
نێچيرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
22ى نيسانى 2025