سەرۆک بارزانی بۆ رۆژنامەڤانان: پیشەییانە لەگەڵ رووداو و پێشهاتەكاندا مامەڵە بكەن

لە پەیامێکدا بەبۆنەی 127ـەمین ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی، سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “لەو یادەدا داوا لە هەموو رۆژنامەنووس و راگەیاندنكارانی خۆشەویست دەكەم لە ئەرک و كارەكەیاندا پیشەییانە لەگەڵ رووداو و پێشهاتەكاندا مامەڵە بكەن و رەچاوی بەهاكان و بەرژەوەندییەكانی گەلەكەمان بكەن”.

سەرۆک بارزانی دەڵێت، “بە بۆنەی سەد و بیست و حەفتەمین ساڵیادی دەرچوونی یەكەمین رۆژنامەی كوردی كە هاوكات رۆژی رۆژنامەگەریی كوردی و ساڵیادی دامەزراندنی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانیشە، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی سەرجەم رۆژنامەنووس و میدیاكارانی كوردستان دەكەم”.

لەبارەی بایەخی رۆژنامەگەرییەوە، سەرۆک بارزانی ئاماژە بەوە دەکات، “رۆژنامەگەری و كاری راگەیاندن و میدیایی فاكتەرێكی گرنگی برەودانی هۆشیاریی نەتەوەیی و پاراستن و دەوڵەمەندكردنی زمانی كوردین، هاوكات راگەیاندن و رۆژنامەگەریی كوردی چەكێكی بەهێزە بۆ ناساندنی دۆزی رەوای گەلەكەمان بە جیهان و هەروەها ئامرازێكی كاریگەرە بۆ پاراستنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و قووڵتركردنی كولتووری ئاشتیخوازی و لێبوردەیی گەلی كوردستان”.

ئەمڕۆ یادی 127 ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردییە؛ یەکەم رۆژنامەی کوردی بە ناوی (کوردستان) لە ساڵی 1898 لەلایەن میر ميقداد ميدحه‌ت بەدرخانه‌وه دەرکراوە.

دڵخوازەكانتان