گۆرینی دیدگای ئاشتی بۆ دەرفەتی ئاشتی


هیوا ئەحمەد

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە وتارەكەیدا كە لە دیداری سلێمانیدا پێشكەشی كرد، چارە سەری سیاسیانەی ئاشتی وەك بنەمایەكی ستراتیژی بۆ پرسی ئاشتی ناوچەكە دەخاتە ڕوو.
لەكاتێكدا ڕۆژهەڵاتی ناوین لە دۆخێكی هەستیاردایە، نێچیرڤان بارزانی لە دیدگای خۆیەوە دەستپێشخەرییەكی چارە خوازانە دەخاتە ڕوو بۆ ناوچەكە كە بنەماكەی پێکەوە ژیان و یەكتر قبوڵكردنە بە شوناس و جیاوازییەكانەوە نەک تەنها لێبوردن و چاو پۆشیی كاتی. ئەمە تێگەشتنێكی واقیعییە بۆ بیناكردنی بەرژەوەندی هاوبەشی دوورمەودا لە نێوان گەلانی ناوچەكەدا.
لە وتارەكەیدا جەختدەكاتەوە لە گۆڕینی ئاشتی سیاسی لە دیدگاوە بۆ دەرفەتی بونیاتنانی ڕۆژهەڵاتێكی ئارامی فرەی ئەتنیك و كولتوور و پێكهاتەیی. وەبیری هەمووان دێنێتەوە، هەرێمی كوردستان كە هەمیشە ڕۆڵی هەبووە لە سەقامگیری سیاسی و ئاسایشی ناوچەكەدا. یارمەتی دەر و هاوكار دەبێت لە بەڕێوەبردنی پرسی ئاشتی ناوچەیی.
جەوهەری وتارەكە نیچرڤان بارزانی گوتاری ئاشتی هەرێمی كوردستان بوو كە زەمینەیەكی لەبارە دەڕەخسێنێت بۆ بەرهەمهێنانی دیالۆك و ڕەتكردنەوەی گرژی و ناتەباییەكان، ئەمەش ئەو دیكۆمینتەیە كە كورد وەك گەلێكی ڕەسەنی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەڵگری گوتاری ئاشتییە بۆ پێكەوە هەڵكردنی نێوان گەلان ناوچەكە و جیهان. ئەمەش دەستپێشخەرییەكی لۆژیكییە بۆ ئێستای كورد، كە بەرپرسیارانە پرسی ئاشتی بەڕێوە ببات و دەرفەتێكی قبوڵكراو بەرهەم بهێنێت كە ستراتیژی داهاتوویەكی هاوسەنگ لە بەرچاو بگرێت. ئەم وتارە مانفیستێكی سیاسی بەرپرسیارانەیە.
لە وتارەكەیدا ئەوە بەبیری هەموواندا دێنێتەوە، بە پەراوێزخستن و ئینكاری نەتەوەیەك سەركەوتن فەرهەم ناكات و سەقامگیری ناچەسپێت، بەڵكو بە پێچەوانەوە نادڵنیایی پەرەدەسێنێت و كاریگەری نەرێنی دەبێت لە هاوكاری نێوان گەلان و گەشەی ئابوری و سستكردنی برەوسەندنە ژیارییەكان، ئەم فاكتەرانەش دەبن بە سوتەمەنی تێكدانی هاریكاری ناوچەیی، كاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ملیۆنان كەس دروستدەكەن.
ئاماژە بەوە دەدات ئەمڕۆ پرسی كورد یەكێكە لە پرسە پێشینەكانی ناوچەكە و بە بێ قبوڵكردنی وەك گەلێكی دێرینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشتی درێژخایەن بەرقەرار نابێت. بەردەوامی ململانێكان لێكەوتەی نەرێنی دوورمەودای دەبێت. بەڵام دەرفەتدان بە ئاشتی دەتوانرێت كۆتایی بە ئازارە مرۆیەكانی گەلانی ناوچەكە بهێنرێت بە هاوئاهەنگی دەرفەت دەخسێنرێت بۆ هەمووان لە ئاشتیدا بژین و گوزەرانیكی شایستەیان هەبێت.
دیتێڵی وتارەكەی نێچیرڤان بارزانی خۆی دەبینێتەوە لە هاریكاری یەكتر بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی قەیرانە كەڵەكەبووەكانی ناوچەكە، كە بە چارەسەكردنیان سەقامگیری سیاسی و بەهای هاوبەش بەدیدێت. جەخت دەكاتەوە لەسەر گۆڕینی گرژییەكان بۆ دەرفەتی یەكتر قبوڵكردن كە متمانە و دڵنیای نێوان گەلان دەباتە ئاستێكی باشەوە و ئەو گرژییەكان خاودەكاتەوە ئاشتی سیاسی بەدی دیت كە زەمینە دەڕەخسینیت بۆ هاوسەنگی كۆمەڵایەتی و ئاڵوگۆڕی كولتووری ئەمەش ئەو دەرفەتەیە كە سوودی هاوبەشی هەموو گەلانی ناوچەكەی تێدایە.

دڵخوازەكانتان