پەیامێک لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بەبۆنەی بوونی هەڵەبجە بە پارێزگای چوارەمی هەرێمی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا دەڵێت: ئەم بڕیارە کەمترین پادداشتی ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی هەڵەبجەیە، دەشڵێت:هیوادارم تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، ببێتە دەستپێکێک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی ئەم پارێزگایە.
ئەمە دەقی پەیامەکەیە.
بە بۆنەی پەسەندکردنی یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی تێکۆشەر و قوربانیدەر و ستەملێکراوی هەڵەبجەی شەهید دەکەم. ئەم بڕیارە کەمترین پادداشتی ئازار و مەینەتییەکانی خەڵکی نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی هەڵەبجەیە .
دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەم و هیوادارم تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە، ببێتە دەستپێکێک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی ئەم پارێزگایە.لەم ڕووەوە، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە پەیوەندی بەردەوامدا دەبین بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی شایستە، خزمەتی ئەو دەڤەرە بکرێت و بودجەی تایبەت بۆ زیاتر ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە تەرخان بکرێت .
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ، کە هەمیشە خۆی بە قەرزاری قوربانیدانەکانی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدە سەربەرزەکانمان دەزانێت، بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە خەڵکی پارێزگەی هەڵەبجە و هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان