مەسرور بارزانی: تا ئێستاش دەرهاوێشتە و لێکەوتەکانی کۆمەڵکوژیی ئەنفال هەر ماون
مەسرور بارزانی پابەندبوونی حکوومەت بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان و شەهیدانی کوردستان دووپات دەکاتەوە و بە پێویستیشی دەزانێت، حکوومەتی فیدراڵی قەرەبوویان بکاتەوە.
دووشەممە، 14-04-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی ئەنفالدا، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند “لە (37)ـەمین ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، بە ڕێزەوە یادی شەهیدان و قوربانییانی جێنۆسایدی (ئەنفال) دەکەینەوە، کە ڕژێمی پێشووی عێراق، بە دەیان هەزار خەڵكی بێتاوانی كوردستانی ڕاپێچی بیابانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کرد و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا زیندەبەچاڵ و بێسەروشوێنی كردن.”
بە گوتەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان “جێنۆسایدی ئەنفال، تاوانکارییەکی گەورە بوو لە دژی خاک و خەڵکی کوردستان ئەنجام درا و تا ئێستاش، دەرهاوێشتە و لێکەوتەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە هەر ماون.”
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پێویستی دەزانێت “حکوومەتی فیدراڵ، بە هەستکردن بە ئەرک و لێپرسراویەتیی یاسایی و دەستووری و ئەخلاقیی خۆیەوە، کەسوکار و بنەماڵە و هەموو زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال و هەموو ستەملێکراوانی دیکەی دەستی ڕژێمی بەعس، لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکاتەوە.”
سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی “لە ساڵڤەگەڕی ئەم شاڵاوە تاوانکارییە شۆڤێنیەدا” پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی كوردستان “بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان و شەهیدانی کوردستان” دووپات دەکاتەوە.
دەقی پەیامی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ئەنفال:
لە (37)مین ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، بە ڕێزەوە یادی شەهیدان و قوربانییانی جێنۆسایدی(ئەنفال) دەکەینەوە، کە ڕژێمی پێشووی عێراق، بە دەیان هەزار خەڵكی بێتاوانی كوردستانی ڕاپێچی بیابانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کرد و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا زیندەبەچاڵ و بێسەروشوێنی كردن.
جێنۆسایدی ئەنفال، تاوانکارییەکی گەورە بوو لە دژی خاک و خەڵکی کوردستان ئەنجام درا و تا ئێستاش، دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە هەر ماون و پێویستە حکومەتی فیدراڵ، بە هەستکردن بە ئەرک و لێپرسراویەتیی یاسایی و دەستووری و ئەخلاقیی خۆیەوە، کەسوکار و بنەماڵە و هەموو زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال و هەموو ستەملێکراوانی دیکەی دەستی ڕژێمی بەعس، لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکاتەوە.
لە ساڵڤەگەڕی ئەم شاڵاوە تاوانکارییە شۆڤێنیەدا، حکومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆی بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان و شەهیدانی کوردستان دووپات دەکاتەوە.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، یادی شەهیدان و ئەنفالکراوان هەمیشە بەرز و شکۆدار بێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان