سەرۆک بارزانی داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات بەشداریی پێکهێنانی حکوومەت بکەن

سەرۆک بارزانی لە ڕێوڕەسمێکدا، 17ـەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کتێب بە دروشمی “جیهان بە کوردی دەدوێت” کردەوە و دواتر گوتارێکی پێشکەش کرد.

سەرۆک بارزانی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی حکوومەت، گوتی: “وەزعی هەرێم بەدەر نییە لە وەزعی ناوچەکە بە گشتی، بەڵام لە ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردن بوو لە هەرێمی کوردستان. زۆر کەس، زۆر لایەن وایان دەزانی، هەڵبژاردن ناکرێت، یان ئەگەر هەڵبژاردن کرا، گرفتی گەورە، موشکیلەی گەورە ڕوو دەدات. هەڵبژاردن کرا و بە شاهیدی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ئەو ڕێکخراوانەی کە هاتبوون، هەڵبژاردنێکی بێ گەرد بوو. هیچ هەڵبژاردنێک لەوانەیە لە دونیادا نەبێت، بێ کەموکوڕی، بەڵام بەروارد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، هەڵبژاردنێکی زۆر زۆر باش بوو و ئەنجامەکانیشی دەرکەوت. ئێمە ئێستەش پێمان خۆشە هەموو ئەوانەی کورسییان بەدەست هێناوە، هەر کەسەو بەپێی قەوارەی خۆی، هەموو پێکەوە حکوومەتێک، کابینەیەک دروست بکەین. کوردستان موڵکی هەموومانە و هەمووشمان برای یەکترین، هەموومان کەسی یەکترین.”

سەرۆک بارزانی دووپاتیشی کردەوە “جوان نییە یەکتری بشکێنین، با ئۆپۆزیسیۆن هەبێت، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن بۆ ئەوە بێت، ڕێگەی باشتر پیشانی کابینەت بدات، پیشانی حکوومەت و پەرلەمان بدات. با لاپەڕەیەکی تازە بکرێتەوە، لێرەدا جارێکی تر داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەم بەشدار بن، بەڵام مەسئولییەتی هەرە گەورە دەکەوێتە سەر شانی پارتی و یەكێتی. تا ئێستە هەنگاوی باشیان ناوە، بەڵام هێشتا ماوە. دەبێت هەرچی زووتر ئیشەکان تەواو بکەن و کابینەکە دروست بکرێت، چونکە وەکوو دەبینین، دەوروبەری ئێمە و لە دونیا هەمووی، قەیرانی گەورە ڕووی داوە و ڕەنگە قەیرانی گەورەش بە ڕێگەوەبن. بۆیە تەنها مەرجی سەرکەوتنی کورد، یەکگرتنی کوردە. کورد و کودستانی. بۆ ئەم مەبەستەش، هەرچی لە تواناماندابێت، دەیکەین. تەوسییەی منیش بۆ هەموو لایەنەکان بە تایبەت بۆ پارتی و یەکێتی، پەلە بکەن لە دروستکردنی کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.”

دڵخوازەكانتان