ئەنجـوومەنی وەزیرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی دیاری کرد.
چوارشەممە، 09-04-2025، نووسینگەی ڕۆژنامەوانیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بڵاوی کردووەتەوە، ئەنجـوومەنی وەزیران بە زۆرینەی دەنگ، 11-11-2025ـی وەکوو ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق دیاری کرد.
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، 08-04-2025، هاوپەیمانیی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەكان لە ڕاگەیەندراوێكدا جەختی لەوە کردەوە “پێویستە ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا كە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵە، بەڕێوە بچێت.”
چوارچێوەی ھەماھەنگی دووپاتیشی کردووەتەوە “ھیچ لایەنێك بۆی نییە ھەڵبژاردن دوا بخات یاخود ئەو خشتە کاتییانەی بۆ پرۆسەكە دانراوە، هەڵبوەشێنێتەوە.”
ھاوكات چوارچێوەی هەماهەنگی داوا لە حکوومەت دەکات کەشێکی لەبار بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق بڕەخسێنێت، ئاسایشی هەڵبژاردنەکان دابین بکات و پاڵپشتیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بکات بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی پرۆسەکە.
ڕۆژی پێنجشەممەش، 27ـی ئاداری 2025، موقتەدا سەدر، ڕێبهری ڕهوتی نیشتمانیی شیعه، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە دا، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق هیچ گرنگییەکی نییە، تەنیا لەپێناو بەرژەوەندی تائیفی و حزبییە، بۆیە بەشداریی تێدا ناکەن.
بە پێی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، نزیکەی 28 ملیۆن کەس لەم هەڵبژاردنە مافی دەنگدانیان هەیە، بە تایبەت بۆ ئەم ساڵ لەدایکبووانی 2007ـیش دەنگ دەدەن کە ئەوانیش ملیۆنێک کەس دەبن.