نێچیرڤان بارزانی: گفتوگۆیەکی جددی لە نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت هەیە

سێشەممە، 08-04-2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شاندی بەشداربووی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە لووتکەی وەبەرهێنانی ئەبوزەبی لە ئیمارات، بەسەر کردەوە و دواتر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری هۆشمەند سادق، نێردراوی کوردستان24ـی، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت، پێکهێنانی کابینەی دەیەم، پەیوەندییەکانی هەولێر – بەغدا، بارودۆخی ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دایەوە. 

نێچیرڤان بارزانی کە هاوکات جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانە، لەبارەی  گفتوگۆکانی تایبەت بە پێكهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، گفتوگۆیەکی جددی لە نێوان پارتی و یەکێتی هەیە و  هیچ لایەنێک نایەوێت پێکهێنانی حکوومەت دوابکەوێت.

لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستانیش، وەکوو ئەوەی نێچیرڤان بارزانی باسی کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت کردووە و کێشەکە، زیاتر تەکنیکییە. 

نێچیرڤان بارزانی خۆشحاڵیی خۆی بە کردنەوەی شوێنێکی تایبەت بە ناوی “ڤێزێت کوردستان” لە لووتکەی وەبەرهێنانی ئەبوزەبی دەربڕی، تاوەکوو لەو ڕێگەیەوە، هانی وەبەرهێنەرانی بیانی بدرێت، لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بکەن. 

 سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی:”من باوەڕی تەواوم بەوە هەیە کە دینەمۆی پێشکەوتنی هەر وڵاتێک، کەرتی تایبەتە. لەو ڕۆژەوەی دەستەی وەبەرهێنانیشمان دامەزراند، من لەو بڕوایەدا بووم، پێویستە ڕێگە بە وەبەرهێانی کەرتی تایبەت بدرێت، ڕۆڵی خۆیان ببین. لە هەر وڵاتێک کەرتی تایبەت توانی ڕۆڵی خۆی لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەیدا ببینێت، ئەو وڵاتە پێش دەکەوێت.”

نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: “ئێمە لە کوردستان، زیاتر لە هەموو وڵاتانی دیکەی جیهان، پێویستیمان بەوە هەیە، کەرتی تایبەت لەگەڵ حکوومەت، دەست لەناو دەست، زیاتر هەرێمی کوردستان ئاوەدان بکەنەوە. ئەگەر سەیری دۆخی کوردستان بکەین لەو کاتەوەی دەستەی وەبەرهێنان دامەزرێنراوە تاوەکوو ئێستە، دەبینین پێشکەوتنی باش بەدەست هاتووە. نابێت ئەو پێشکەوتنانەی بە دەستهاتوون، بەکەمی بزانین. ئەم پێشکەوتنانە بەدەست نەدەهاتن، ئەگەر کەرتی تایبەت لەگەڵ حکوومەت نەبووایە. دەمەوێت دەستخۆشییەکی گەرمی دەستەی وەبەرهێنان بکەم کە ڕۆڵێکی گەورەیان لە  پێشکەوتنی هەرێمی کوردستاندا هەبووە و و تموحمانە، ئەم پێشکەوتنانە زیاتر ببن.”

دڵخوازەكانتان