فازڵ میرانی: سەرۆک بارزانی و پارتی هەمیشە ئامانجیان پێکەوەژیان و پاراستنی مافی پێکهاتەکانی کەرکووک بووە
بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە نەهاتووینەتە کەرکووک، بەڵکو ئێمە هەر لەکەرکووک بووین و لەکەرکووکیش دەبین، وە دەبێت بە چاوی میللەت و جەماوەر سەیری خۆمان بکەین، چ لەڕووی حزبیەوە چ لە رووی بەڕێوبردنی ئیداریی و نەتەوایەتییەوە.
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ڕێوەڕەسمی کردنەوەی بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پاریزگای کەرکووک-گەرمیان، گوتی: لە ڕاستیدا ئێمە نەهاتووینەتە کەرکووک، بەڵکو ئێمە هەر لەکەرکووک بووین و لەکەرکووکیش دەبین.
فازڵ میرانی ئاماژەی بەوەش کرد، بیرباوەڕی کوردایەتی کە هەمیشە بیروباوەڕی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ڕەگ و ڕیشەی لە کەرکووک هەبووە و ڕۆژ بەڕۆژیش زیاد دەبێت، ئەو زیادبوونەش لە هۆشیار بوونەوەی نەتەوایەتییە، نەوەک لە زۆربوونی ژمارەی ئەندامانی حزبەکان، چونکە لەناوخۆ باسی چالاکی حزبی دەکەین، بەڵام لەدەرەوە باسی نەتەوایەتی دەکەین.
باسی لەوەش کرد، ئێمە نابێت حوکم لە ڕووکەش بکەین، دەبێت حوکم لە جەوهەری کارەکان بکەین، وە ئەبێت بە چاوی میللەت و جەماوەر سەیری خۆمان بکەین، چ لەڕووی حزبیەوە چ لە رووی بەڕێوەبردنی ئیداریی و نەتەوایەتییەوە.
گوتیشی: سەرۆک مەسعود بارزانی و پارتی هەمیشە ئامانجیان پێکەوەژیان و برایەتی و پاراستنی مافی پێکهاتەکانی کەرکووک بووە، هەروەها لەکاتی هێرشەکانی داعش، پێکهاتەکانی کەرکووک داوایان لە سەرۆک مەسعود بارزانی کرد، پێشمەرگە کەرکووک بپاریزێت، تاوەکوو موسڵی لێ نەیەت.
فازڵ میرانی ڕاشیگەیاند، ئەوانەی ئەمڕۆ خۆیان بە بەهێز دەزانن لەسەر خاڵی لاوازی کوردە، ئەگەرنا ئەوەندە بەهێز نەبوونە کە نکۆڵی لەدەستوور و پێکەوە ژیان و پەیمانەکان بکەن، کە خۆیان بەوشێوەیە دەبینن تەحەکوم بە مووچە و دابەشکردنی خۆراکی هاووڵاتیان بکەن.
جەختیشی کردەوە، هەموومان ئەبێت بەخۆماندا بچینەوە، کە بۆچی مافمان خوراوە؟ یان بۆچی سەرکەوتووین؟ بۆیە ئەبێت لە هۆیەکان بکۆڵینەوە نەک لەدەرئەنجامەکان، ئەمەش یەکێک لە خاڵەکانە کە ئێمە هەمیشە خۆمان بەدەرئەنجامەکان سەرقاڵ دەکەین، هەروەها هۆیەکان و بیرکردنەوەکان وەلا دەنێین.
دەشڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان، سوورە لەسەر ئەوەی پێداوچوونەوە بەخۆدا بکرێت، چونکە پێویستە بۆ یەکڕیزی و یەکهەڵویستی بۆ گەڕانەوەی هێزی کوردستانی و پەلەکردن لە دامەزراندنی پەرلەمان و حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ئەوانەی نکۆڵیان کردووە بگەڕێنەوە بۆ هاوپەیمانییەکە.
دوای تێپەڕینی نزیکەی هەشت ساڵ بەسەر ڕووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر، بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 5ـی نیسانی 2025 بە ئامادەبوونی بەرپرسانی باڵای پارتی، لە گەڕەکی عەرەفەی کەرکووک کرایەوە.