ڕێککەوتنی ١١ ئادار
دژوار فایق
ڕێککەوتنی ١١ ئاداری ساڵی ١٩٧٠ ، سەرکەوتنی شۆڕشی کوردستانە بە ڕابەرایەتی بارزانی نەمر بەسەر رژێمی دیکتاتۆری بەغدا ، تاجی سەرکەوتنەکانە لەسێبەری بڵێسەی تفەنگی پێشمەرگەوە هاتۆتە ئاراوە
11ی ئادار وەرچەرخانێکی مێژووی گرینگە لە مێژووی بزوتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان چونکە بۆ یەکەمجار لە عێراق و ناوچەکە داننرا بە مافەکانی خەڵکی کوردستان و بەشداری کورد لە دەسەڵاتی سیاسی و ئیدای لە عێراق زمانی کوردیش بوە زمانی فەرمی.
ڕێککەوتنی ١١ ئادار دیکۆمێنتێکی مێژووییە ، نەخشە رێگایەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لە عێراق و ناوچەکە ، لەم مێژووە بە دواوە هەرچی دانوستان و رێککەوتن کرابێت هەوێنەکەی رێککەوتنی ١١ ئادارە.
مەبەستی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانی دەکرد بە گشت پێکهاتەو چین و توێژەکانەوە ئەوە بوو کۆتایی بە شەڕ و خوێنرشتن بێت ، کێشەی کورد و حکومداریەتی لە عێراق دا بە گفتوگۆ لە رێگای یاساوە جێبەجێبکرێت ، داهاتی عێراق بۆ ئاوەدانکردنەوەی عێراق و کوردستان تەرخان بکرێت خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتیان دابین بکرێت، گەلی کوردستان و گەلی عێراق شایەنی ئەوەن بە خۆشی و سەربەرزی و ئازادی لەسەر زێدی باب وباپیرانیان بە ئاشتیانە بژین دوور لە شەڕ و گرتن و ئەشکەنجەدان ، هەر لەبەر ئەو هۆیانەش بوو دروشمی شۆڕش بریتیبوو لە :-
دیموکراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان ، بەو واتایەی ئەگەر دەسەڵات لە عێراق دیموکراتی نەبێت کێشەی کوردستان چارەسەرنابێت و ئۆتۆنۆمی و خۆرێبەری نایاتە کایەوە.
لەراستی دا ئەمە دروشمێکی زۆر واقعی بوو تا ئێستاش گونجاوە بۆ عێراق ، ئەگەر لە عێراق دیموکراتی نەبێت ئەوا فیدراڵی بۆ کوردستان جێبەجێ ناکرێت.
کورد بە سینگێکی فراوان و بە باوڕەوە چوون بەرەو پیری دانوستان لەگەڵ بەغدا و مۆرکردنی ڕێککەوتنی ١١ ئاداری مێژووی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ لە پێناو ئاشتی و ئازادی و خۆرێبەری بۆ کوردستان و دیموکراسی بۆ عێراق بەڵام بەداخەوە لایەنی بەرامبەر کە حکومەتی دیکتاتۆری بەغدابوو وەکو تاکتیک رێککەوتننامەی ١١ ئاداری قبوڵ کرد تاوەکو سوپاکەی رێکبخاتەوە و قۆناغی تری شەڕ دەست پێبکاتەوە چونکە وەکو ڕژێمەکانی پێشوتری عێراق بڕوای بەوە هەبوو بە شەڕ کۆتایی بە کێشەی کورد بهێنێت نەک بە لێکتێگەشتن و ڕێککەوتن بەڵگەش ئەوەیە بۆ ئەو مەبەستە : حکومەتی عێراق پەنای بردە بەر ئاژاوەگێڕی و کێشە دروست کردن بۆ خۆدزینەوە لەو پەیمان و بەڵێنانەی بە کورد و کوردستانی دابوو ،
هەوڵی تیرۆرکردنی جەنابی بارزانی نەمری دا لە ڕێی کردەوەی خۆکوژی کە ژمارەیەک مەلای ئاینی نارد بۆلای لە ژووری کۆبونەوە بۆمبیان تەقاندەوە هەمویان مردن بە موعجیزە بارزانی نەمر ڕزگاری بوو بەڵام بە سوکی برینداربوو .
پێدەچێت مەلاکان ئاگایان لە بابەتی بۆمب تاقاندنەوەکە نەبوو بەڵکو پیاوانی ئەمنی عێراقیان لەگەڵدابووبێ هەموشیان لەناوچوون هەرەوەها لە بەغدا هەوڵی تیرۆرکردنی جەنابی ئیدریس بارزانی نەمریان دا تەقەیان لە سەیارەکانی کرد ، خۆشبەختانە ئەوی تیانەبوو ئەوانیتریش برینداربوون ئەمە جگە لە چەندین کاری تری پیلانگێری .
هەروەکو لەسەرەوە باسمان کرد دیاربوو حکومەتی عێراق بە قەناعەتەوە ئەو رێککەوتنەی مۆر نەکردبوو بۆیە لە کۆتایی پرۆژەیەکی بۆ ئۆتۆنۆمی ئامادەکردبوو بۆ شۆڕشی نارد ئەوەنەبوو کەپێشتر لە دانوستانەکان لێکتێگەشتنی لەسەرکرابوو .
لە ڕاستیدا بارزانی نەمر و سەرکردایەتی شۆڕش شەڕیان نەدەویست ئاشتیان دەویست بۆ کوردستان و عێراق بۆیە پەنایان بردە بەر لایەنێکی گرینگی ناوبژیوان کە ڕۆلی هەبوو لە ڕێککەوتنی ١١ ئادار ئەویش یەکێتی سۆڤیەت بوو ، سەرکردایەتی سیاسی کورد پێیانی راگەیاند حکومەتی عێراق پەشیمان بۆتەوە لە بەڵێنەکانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و جێبەجێ کردنی ڕێکەوتتنامەی ١١ ئادار بۆ ئەو پڕۆژەیە پێشنیارکردوە دوای ٤ ساڵ دانوستان ئەوەنیە کە کاتی خۆی رێکەوتنی لەسەر کراوە زۆر کەموکوڕی تێدایە بڕواشمان نیە کە ئەوەش جێبەجێ بکرێت سەرکردایەتی سیاسی کوردستان پرسیاریان کرد ئایا رای ئێوە چیە وەک ناوبژیوان چیتان پێ دەکرێ؟
لە وەڵامدا وتیان : هیچمان پێناکرێت ئێمەش رێكکەوتنێکی ستراتیجیمان لەگەڵ بەغدا هەیە لە ساڵی ١٩٧٢ گرنتی ئەوەمان لا نیە کە رێکكەوتننامەکەی ئێمەش وەکو خۆی جێبەجێبکات!!
بەداخەوە حکومەتی عێراق لە ئاداری ١٩٧٤ داواکارییەکانی کوردستان و رێکكەوتنی ١١ ئاداری پێشێلکرد و شەڕی دەستپێکردەوە زۆر دڕندانە بەچەک و سیلاحی کۆکوژ وقەدەغە کراو مۆدێرن بەڵام جارێکیتر دوای ساڵێک شەڕ شکستی هێنا بەڵام ئەمجارەیان رێكکەوتنی لەگەڵ کوردستان نەکرد بەڵکو دەستی شای ئێرانی ماچکرد نیوەی ( شط العرب ) و کۆمەلێک زەوی عێراقی دا بە ئێران ، پاشان هەر خودی رژێم لە سالی ١٩٧٩ کە رژێمی شا ڕوخاو شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران بەرپا بوو ڕێککەوتننامەی ٦ ئاداری ١٩٧٥ ی یەکلایەنه هەڵوەشاندەوە هەر ئەمەش بووە هۆکاری ٨ ساڵی شەڕی کاولکاری عێراق و ئێران و پاشان داگیرکردنی کوێت و شەڕی هاوپەیمانی نێودەولەتی لە ١٩٩١ و ٢٠٠٣ .
ئاکام:
ئەگەر ڕژێمەکانی عێراق کێشەی کوردیان لە کاتی خۆیدا چارەسەربکردایە چ لەسەردەمی پاشایەتی یان کۆماری بەتایبەت ڕێککەوتنامەی ١١ ئادار ئەوە عێراق توشی ئەو شەڕانە نەدەبوو وێرانیش نەدەبوو ئەو خەڵکە بێ تاوانانە نەدەکوژران بوددجەی عێراقیش سەرف ئەکرا بۆ ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی نەک بۆ شەڕ و خۆ پرچەککردن. ئێستاش ژیانی هاوڵاتی عێراق باش نیە برسیەتی هەیە ، هەژاری هەیە بێ کاری هەیە پرۆسەیەکی سیاسی سەرکەوتو نیە بەداخەوە.
لە کۆتایدا پێویستە لایەنە سیاسیە باڵادەستەکان لە عێراق سود لەو ئەزمونە خوێناوییەی عێراق لە ماوەی سەد ساڵی رابردوو کێشەی کورد کە لە دەستوردا بریاری لەسەر دراوە بە شێوازی فیدراڵی چارەسەربکەن دەستی دەستی پێ نەکەن دوای نەخەن ، چونکە بە شەڕ و خۆسەپاندن نە کۆتایی بە کێشەی کورد دێت نە هاوڵاتی عێراقی ئاسودە دەبێت.