شاندی دارایی هەرێم لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆ دەبێتەوە

دوو تیمی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ چارەکردنی پرسی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێم لە بەغدان و ئەمڕۆ لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆ دەبنەوە.

شاندەکانی وەزارەتی دارایی هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 9ـی ئاداری 2025، گەیشتوونەتە بەغدا، کە پێکهاتوون لە بەرێوەبەری گشتیی ژمێرکاری و بەرێوەبەری گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان و ڕاوێژکاری وەزیری دارایی.

شاندەکەی بە مەبەستی چارەکردنی گرفتەکانی بەردەم مووچەی مانگی دووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەڕاونەتەوە بەغدا.

چوونی شاندی دارایی هەرێم و کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق لە کاتێکدایە، هه‌موو ڕێكاره‌كان و وردبینی لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ته‌واو کراون و‌ ئەو تێبینییانەشی هەبوون، سەرجەمیان چاک کراون.

هەروەها بڕیار بوو پێنجشەممەی هەفتەی ڕابردوو، وەزیری دارایی عێراق ئیمزا لەسەر ناردنی پارەی مووچە بکات، بەڵام وەزیری دارایی لەوێ نەبووە، هەربۆیە چاوەڕوان دەکرێت، هەر ئەمڕۆکە تەیف سامی ئیمزاکەی بکات و دەست بە هەنگاوی تەمویلی پارەکە بکرێت.

هاوکات وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، هەر لەگەڵ گەیشتنی پارەکە بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچە ڕادەگەیەنرێت و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.

دڵخوازەكانتان