لە یادی ماڵئاوایی بارزانیی نەمردا
فاضل میرانی
كاتێك لە یەكەمین ڕۆژی مانگی ئاداری ساڵی ١٩٧٩دا، ڕادیۆ هەرە بەناوبانگ و جیهانییەكانی ئەو سەردەمە، هەواڵی كۆچی دوایی (مستەفا بارزانی)یان بە بایەخ و بە ڕاپۆرتی چڕ و پوخت لە بارەی ژیان و خەباتی ئەو بڵاو كردەوە، كورد لە سەرانسەری جیهان تووشی خەمناكییەكی زۆر هات. مستەفا بارزانی گەورەترین سەركردە و ڕابەری بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان بوو لە سەدەی بیستەم و لە مێژووی دوو سەدەی تێكۆشانی نەتەوەیی كورددا، ئەو ناونیشان و هێمای خەبات و تێكۆشانی نەتەوەیەك بوو لە پێناو ئازادی و سەربەخۆییدا. هەر بۆیە لە هەر ناوەندێكی سیاسی و دیپلۆماسی و جەماوەری و نێونەتەوەییدا، ناوی كورد و كوردستان ئاوێتەی ناوی بارزانی ببوو.
لە یەكی ئاداری هەموو ساڵێكدا، هاوكات لەگەڵ بەیەكجاری ماڵئاواییكردنی مەلا مستەفا بارزانیدا، زۆر گرنگە ئێمە بۆ ژیننامە و كاروانی پڕ لە شكۆ و كۆڵنەدان و بەرخودانی ئەفسانەییانەی ئەو بگەڕێینەوە، بۆ ئەوەی توێشووی تێكۆشانی نەبڕاوە و پشوودرێژی دەستەبەر بكەین. لە هەمان كاتدا كۆڕی خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانیی گەلەكەمان، بەو جۆرەی لەگەڵ خەباتی مەدەنی و سیاسی و یاسایی و دیپلۆماسی و ئاواكاریی ئەم سەردەمەدا دەگونجێت، بەرەو پێش ببەین، كە بە دڵنیاییەوە هەر گەڕانەوە و خوێندنەوەیەكی نوێ بۆ خەباتی بارزانی، ڕۆشنایی و بەرچاوڕوونیی زیاترمان پێ دەدات، بۆ تۆكمەكردنی هەوڵ و تێكۆشانمان، متمانە و بڕوایەكی هەردەم بەتینیشمان پێ دەدات، كە ئیدی خەباتی نەتەوەیەكی كۆڵنەدەر، هەر بە ئامانج دەگات.
ڕێڕەوی ژیان و خەباتی مستەفا بارزانی نەك هەر بۆ كورد نەخشەڕێی كار و تێكۆشانە، بەڵكوو ژیان و خەباتی ئەو وەك میراتێكی فرە بەهاداری مرۆڤایەتییە، كە سەركردەیەك و نەتەوەكەی لە پێناو پرسێكی ڕەوای مرۆڤانەدا خەباتیان كرد و ئێستاش بەردەوامن. بە دڵنیاییەوە لە ئاستی نێونەتەوەییدا، بە دەگمەن كەسایەتیی وا بەهێز و دانا و دووربین و لە ئاستێكی بەرزی مرۆڤایەتیدا هەڵدەكەوێت، بۆیە وەك لە ڕابردوو و ئەمڕۆ و لە داهاتووشدا، كورد مافی خۆیەتی شانازی بە كەسایەتیی (مستەفا بارزانی)یەوە بكات. ئەو لەو جۆرە سەركردانە بوو كە مێژوو دروست دەكەن، بۆیە مێژووی مرۆڤایەتی بە شانازییەوە ناوی ئەو لە لاپەڕەی زێڕینی خۆیدا تۆمار دەكات.
ئەمڕۆ با هەموومان، لەبەر ڕۆشنایی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی، كار بۆ ئامانجی پیرۆزی وڵات و نەتەوەكەمان بكەین، كە خۆی لە ئازادی و پێشكەوتندا بەرجەستە دەكات.
بارزانیی نەمر لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی جۆرج تاون لە واشنتۆن كۆچی دوایی كرد. ئەو تا دوا هەناسەی ژیانی خەباتی بۆ مافی گەلەكەی كرد و هەرگیز دەستبەرداری ئامانجەكانی نەبوو. كاریگەری و میراتی بارزانی لە سەر بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد تا ئێستاش بەردەوامە و وەك سیمبولێكی نەتەوەیی و نیشتمانی دەمێنێتەوە. ئەو بوو بە هێمای خۆڕاگری و بەرخۆدان بۆ نەوەكانی داهاتوو و ناوی لە مێژووی كورددا بە زێڕینی تۆمار كراوە و ,بەرزراگرتنى ئەو مێژوویە و بەردەوامبونى ئەرکێکى هەرەسەرەکى پارتیمانە بەسەرۆکایەتى جەنابى سەروک مسعود بارزانى.
بژی کورد
بژی کوردستان
بەرپرسی دەستەى کارگێرى مەکتەبى سیاسی