ئەنجوومەنی وەزیران بۆ تاوتوێکردنی سێ تەوەر کۆدەبێتەوە
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكوومەت كۆدەبێتەوە و سێ بڕگە گفتوگۆ دەكات.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە کۆبوونەوەکەدا ئەم سێ بڕگەیە تاوتوێ دەکرێن:
لە بڕگەی یەكەمدا، پوختەی بەشداریی شاندی باڵای حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لووتكەی جیهانیی حكومەتەكان، كە لە دوبەی لە ڕۆژانی (11-13)ی شوبات بەڕێوە چوو، دەخرێتە ڕوو.
لە بڕگەی دووەمدا، ڕاپۆرتی لیژنەی هاوبەشی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی تایبەت بە یەكخستنی ڕێكارەكانی كوالیتیی كۆنترۆل و پۆلێنكردنی بەڵێندەران وەكوو یەكێك لە دەرەنجانەكانی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی هەرێم و فیدڕاڵ گفتوگۆ دەكرێت.
لە بڕگەی سێیەمدا، دەرەنجامی كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی هاوبەشی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لە هەولێر لە ڕۆژی 18ی 2ی 2025 تایبەت بە ڕێكار و میكانیزمەكانی جێبەجێكردنی یاسای هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتیی عێراقی فیدراڵ تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكرێت.
دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە، 05-02-2025، کرا و تێیدا ژمارەیەک بڕیاری گرنگی دەرکرد.