دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعس هێشتا ڕێگریی لە جووتیارانی سنووری سەرگەڕان دەکرێت
لەسەر بنەمای هەڵوەشانەوەی بریارەکانی بەعس، کە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دراوە، جووتیارانی گوندی شەناغەی سنووری سەرگەڕان بڕیاریان داوە زەوییەکانیان بکێڵن، بەڵام ئێستە هەمەری سەربازیی سوپای عێراق هاتووە و ڕێگرییان لێ دەکات. جووتیارانیش سوورن لەسەر کێڵانی زەوییەکانیان.
محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان ڕاگەیاند “ئەو ئەفسەرە هاتە لای من گوتی نابێت زەوییەکەت بکێڵیت. منیش گوتم جووتی دەکەم، لەبەر ئەوەی ئێمە پشت ئەستوورین بە بڕیارەکانی پەرلەمان، کە دادگا و سەرۆک کۆماریش پەسەندیان کردووە.”
ئاماژەی بەوەش دا “ئەو عەرەبانەی ئێرە هەمووی بە پێی ماددەی 140ـن پارەیان وەرگرتووە، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نەماوە، پێش شەش مانگ، ئێمە ڕێککەوتنمان کردووە، کە پارێزگاری کۆن و ئەندامانی پەرلەمان لە کۆبوونەوەکەمان ئامادە بوون، بڕیارمان دا شەش مانگ بوەستین تاوەکوو قەرەبوو وەردەگرنەوە، ئیستە قەرەبووەکەیان بۆ دەرچووە، ئێمەش مافی خۆمانە زەوییەکانمان بکێڵین، چونکە بەڕاستی ئێمە ستەممان لێ دەکرێت.”
نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان باسی لەوەش کرد “ئێمە سەر بە فیرقەی هەشتین، ئەوە سێ ساڵە ستەمێکی گەورەمان لێ دەکەن، چونکە 25 گوندمان سەر بە فیرقەی چواردەیە ئەوان هیچ دەستوەردان ناکەن.”
گوتیشی: “ئەوانەی لێرە بوون ئاژاوەیان دروست دەکرد، پارێزگاری پێشوو پاڵپشتیانی دەکرد، ئێستەش پێم وایە هەر ئەو پشتگیرییان دەکات، چونکە بەشێکیان ماددەی 140یان وەرگرتووە، هەندێکیشیان ساختەیان کردووە، کە بەبەڵگە لەبەر دەستمە، بۆیە ئەگەر ئەمانە نەمینێن کیشە نامینێت.”
دەشڵێت: ئەو زەوییانەی بڕیارە ئەمڕۆ بیان کێڵین، 120 هەزار دۆنمە.
دەشتی ئاغا، جووتیارێکی سنوورەکەیە، گوتی: لەو ناوچەیە ستەمێکی زۆر لە جووتیاری کورد دەکرێت، بەتایبەتی ئەو پێنج گوندە، ئێستەش ئێمە گردبووینەوە بۆ شکاندنی ئەو گەمارۆیە، چونکە هیچ بیانووێک نەماوە تاوەکوو سوپای عێراق ڕێگریی لە ئیشوکاری خەڵک بکات.