ئاسایشی میونشن ..نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئوردون کۆبووه‌وه

هه‌ر لە به‌رده‌وامیی دیدار و کۆبوونه‌وه‌کانیدا له‌ کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئێواره‌ى ئەمڕۆ هەینی 2025/2/14 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ  ئەیمەن حوسێن عەبدوڵڵا ئه‌لسەفەدی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە و کاروباری کۆچبەران لە شانشینی ئوردونیی هاشمی کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی نێوان ئوردون و عێراق و هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد، هەروەها تیشکیان خسته‌ سه‌ر چۆنيه‌تيى بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لە بوارە سیاسی و ئابوورییەکان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە.

نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر گرنگیی پەیوەندییەکان لەگەڵ شانشینی ئوردونیی هاشمی کردەوە و ئاماژەی بە ڕۆڵی کاریگەری ئوردون لە پشتگیریکردنی سەقامگیریی هەرێمایەتیدا کرد، هه‌روه‌ها خواستی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی هاوکاریی هاوبەش لەگەڵ ئوردون دووپات کردەوە .

لاى خۆیەوە، ئەیمەن ئه‌لسەفەدی پابەندیی ئوردونی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا دووپات کردەوە و ستایشی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی لە سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەدا کرد، هەروەها جه‌ختی له‌ گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و هاوکاریی هاوبەش بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەرێمایەتییەکان کرده‌وه .‌

پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و ناوچەکە، لەگەڵ چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی هاوبه‌ش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون .

دڵخوازەكانتان