بەرهەم هێنانی نەوت ڕۆژانە 300 هەزار بەرمیل کەمی کردووە

بەرپرسێکی عێراق ڕایگەیاند، لە دوای ئەو ئاگرەی لە کێڵگەی نەوتی ڕومێلە، لە پارێزگای بەسرە کەوتووەتەوە،  بەرهەمهێنانی نەوت ڕۆژانە، 300 هەزار بەرمیل کەمی کردووە.

سێشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2025، محەممەد نەجاڕ نوێنەری عێراق لە ڕێکخراوی ‘ئۆپێک’ ڕایگەیاند “دوای ئەو ئاگرەی لە کێڵگەی نەوتی ڕومێلە، ڕۆژانە بەرهەمهێنانی نەوت، 300 هەزار بەرمیل کەمی کردووە.”
 گوتیشی: دیار نییە کەی ئەو بەشە بەتەواوی چاک دەکرێتەوە.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، دوای چەند کاتژمێرێک لە ئاگرکەوتنەوە لە عەمباری ژمارە 2 لە وێستگەی ‘DS5’ لە باکووری ڕومێلە، توانییویانە ئاگرەکە بکوژێننەوە.

کێلگەی ڕومێلە، یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی جیهان، پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان عێراق و کۆمپانیای بریتش پترۆلیۆمە، پلانیش هەیە تا وەکو 2030، بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیە بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکرێتەوە.

دڵخوازەكانتان