عێراق هێزی سەربازیی ڕەوانەی سنووری سووریا کرد

عێراق هێزی سەربازیی ڕەوانەی سنووری سووریا کرد

دووشەممە، 02-12-2024، وەزارەتی بەرگریی فیدراڵی، هێزی سەربازی و ژمارەیەک تانک و زرێپۆش و چەکی قورسی ڕەوانەی سنووری نێوان عێراق و سووریا کرد.

وەزارەتی بەرگریی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو هێزە سەربازییە لە ناوچەی قائیمیی هاوسنوور لەگەڵ ئوردن بڵاوە دەکرێتەوە، دوای بەهێزکردنی کەرتی باکووری ڕۆژئاوای نەینەوا بە زرێپۆش و ئۆتۆمبێلی سەربازی.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر لیوا یەحیا ڕەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو “سنوورەکانمان لەگەڵ سووریای دراوسێ، بە تەواوەتی پارێزراون و ئێمە بە شێوەیەکی بەردەوام بە درۆن و کامێرای تایبەتی، چاودێرییان دەکەین.”

لیوا یەحیا ڕەسووڵ، دووپاتی کردەوە “پاراستنی سنوورەکانی نێوان سووریا و عێراق، کارى لە پێشینەیانە و سنوورەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بەتایبەت باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە پارێزراوە.” ڕوونیشی کردەوە “لە پشت هێزەکانی پاسەوانی سنوورەوە، هێزەکانی سوپای عێراق هەن.”

وەکوو ئەوەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەشێکی قسەکانیدا باسی کرد “دەزگای هەواڵگریی عێراق، چاودێریی هەموو جووڵەیەکی تیرۆریستان دەکات لە ئەگەری هەوڵدان بۆ نزیکبوونەوەیان لە سنوورەکانمان، بەتوندترین شێوە وەڵامیان دەدەینەوە و ناهێڵین بێنە نێو خاکی وڵاتەکەمان.”

ڕەوانەکردنی ئەم هێزە سەربازییە دوای ئەوە دێت، ماوەی چەند ڕۆژێکە شەڕێکی سەخت لەنێوان هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و سوپای ئەو وڵاتە لە شارەکانی حەلەب و ئیدلب دەستی پێ کردووە. هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن کۆنترۆڵکردنی زۆرینەی شاری حەلەبیان ڕاگەیاندووە و سوپاش بەڵێنی تۆڵەکردنەوەی داوە.

دڵخوازەكانتان