چاکەتەکەت دانا، نۆرەی قۆڵ لێ ھەڵماڵینە

سالم جاسم

لە ھەرێمی کوردستان وەک وڵاتانی پێشکەوتووی جیھان، ئاساییە ھەڵبژاردن لە بەرگێکی دیموکراسیدا پڕبێت لە ھێرشی توند، بەڵام پێشکەوتنی دیموکراسی لەو کاتە دەردەکەوێت کە دوای بانگەشە، ھەموو لایەک دێنەوە سەرمێزی دانوستان بۆ پێکھێنانی کابینە، ئەمە تایبەتمەندی وڵاتانی پێگەیشتوون لە دیموکراسیەت دا، بەڵام زۆر جار لەو وڵاتانەی کە دەسپێکن بۆ چوونە نێو قۆناغی ئەزموونی دیموکراسی، یان گرژی و گوتاری تووندیان دەبێ لە ھەڵبژاردن، لێکەوتەی نەرێنی دروستدەبێت، ئەوەی لێرە مەبەستمە ئەو تێگەیشتنەیە کە ھەرێمی کوردستان گەیشتووە بە قۆناغی ئەزموون لە دیموکراسییەت و قۆناغی ئێستاش لێمان دەخوازێ، نمونە جوانەکە نیشانی ناوچەکە بدەین.

لە ھەرێمی کوردستان دەبوو زووتر ھەڵبژاردن بکرێت، بۆ نوێبوونەوەی دامەزراوەکان و شەرعیەتی دیموکراسی، بۆ کوردستانێکی بەھێزتر، بەڵام بەهۆی ناکۆکی و ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم نەتوانرا هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
لە زۆر لاوە شەرعیەتی دامەزراوەکانی ھەرێم بە ئامانج گیرا، دادگای باڵای فیدڕاڵی، پەرلەمانی ھەڵوەشاندەوە، سەرەنجام بە پێداگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لە ٢٠\١٠\٢٠٢٤ هەڵبژاردنی هەرێم، بە بەشداریی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەڕێوەچوو. پرۆسەکەش سەرکەوتوو بوو، وەک سەرۆکی ھەرێم پێش ھەڵبژاردن رایگەیاند، گەل سەردەکەوێت، رێک لە دوای ھەڵبژاردن گەل براوەی دیموکراسییەت و ھەڵبژاردن بوو.

ئەو بانگەشەیەی بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا لەمێژووی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان نە حزبەکان دروشمی وایان هەبووە و نە بانگەشەی وا توند و هێرشکاری کراوە. تەنانەت بەجۆرێک بوو گومان دەکرا بەریەککەوتن و شەڕی ناوخۆی بەدوادا بێت و تا دوا ڕۆژەکانیش زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی پێیان وابوو کەوا هەڵبژاردن ناکرێت. دواجار لە پرۆسەیەکی دیموکراسی و مەدەنیدا بە بەشداریی ٧٤% خەڵک هەڵبژاردن کرا و دەستخۆشیی نێودەوڵەتیشی لێ کرا.

ئێستا لە هەرێمی کوردستان بۆ چەسپاندنەوەی دیموکراسی هەنگاوێکمان بڕیوە و تەواوکردنی پرۆسەکەش بە پێکهێنانی حکوومەت کۆتایی دێت. ئێستا ئێمە لە قۆناغی دانوستاندن داین بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ. بەڵام تا ئێستاش هەندێک لایەن لەنێو کەشی بانگەشەی هەڵبژاردندان و بە کردەیی هیچ هەنگاوێک بۆ ئەم پرۆسەیە نەنراوە. لەلایەکی دیکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نزیکە. بۆ کورد گرینگە بەر لەو وادەیە نێو ماڵی خۆی ڕێکبخاتەوە و وەک کوردستانێکی بەھێز لە بەغدا بێت نەک حزب. بە دڵنیاییەوە ئەمەش بەبێ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم نایاتە ئاراوە.

لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا لە کەشە چەقبەستووەکاندا ئەو کارەکتەرەی چاوی دەخرایە سەر و دەیتوانی ببێتە فاکتەرێک بۆ لێکنزیککردنەوەی لایەنەکان و وەک چەتری کۆکەرەوەی هەمووان دەبیندرا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو. هەر ئەویش هانی هەمووانی دەدا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و تەنانەت لە بانگەشەی هەڵبژاردنیشدا بەر لە حزبەکەی بانگەشەی بۆ کوردستان کرد و شتێکی نە گوت کەوا دڵی کەس بڕەنجێنێت و بەشی سڵاوێکی گەرمی هێشتەوە.

سەرەنجام ئەوەی مەبەستمە بیڵێم، ئەوەیە کەوا وەک ساڵانی ڕابردوو، لەو کەشە ساردە سیاسییەی هەرێمی کوردستان، دیسانەوە چاوەکان دەچنەوە سەر نێچیرڤان بارزانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک، ئیدی کاتی هاتووە قۆڵی لێ هەڵماڵێ و جووڵەیەک بکات بۆئەوەی لایەنەکان ئەو کەشە تێپەڕێنن و بچنە نێو کەشی دانوستاندن و حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان پێکبهێنن.

دڵخوازەكانتان