نەوزاد شێخ کامیل: سبەینێ کێشەی دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی چارە دەکەین


نەوزاد شێخ کامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، ئەو کێشەیەی دروستبووە تەنکنیکییە و لە سبەینێوە کێشەی چەکی بانکی بۆ خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی چارە دەکەین.

نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: ئەو کێشەیەی لە سلێمانی بۆ خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران دروست بووە، پەیوەندی بەو ئامێرانەی بانکەوە هەیە کە چەکاکان ناخوێنێتەوە و لەگەڵ بەغدا لە پەیوەندیدان بۆ ئەوەی سبەی کێشەکە چارە بکەین و پرۆسەی خەرجکردن و دابەشکردنی پارەی جووتیاران لە سنووری پارێزگای سلێمانیش دەست پێ بکات.

هەروا ئاماژەیدا، لە پێنجشەممەوە 19ی ئەیلوولی 2024، لە سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەستی پێکردووە و سبەیش کێشەی چەکی بانکی پارەی گەنمی جووتیارانی سلێمانی و هەڵەبجە چارە دەکەن بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئەوانیش شایستە داراییەکانی خۆیان وەربگرن.

سەبارەت بە خەرجکردنی قۆناغی دووەمی شایستە داراییەکانی جووتیاران، نەوزاد شێخ کامیل گوتی: جارێ هیچ وادەیەک دیار نەکراوە.

وەک قۆناغی یەکەمی خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی عێراق لە ناوەڕاستی ئەم مانگە چەکێکی 150 ملیار دیناری ڕەوانەی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، کە بڕی 47 ملیار و 373 ملیۆن و 835 هەزار دیناری پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێرە و بڕی 35 ملیار و 541 ملیۆن و 48 هەزار دیناریش پارەی گەنمی جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆکە و بڕی 67 ملیار و 84 میلۆن و 117 هەزار دیناریش پارەی جووتیارانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەیە لەگەڵ هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕاپەڕین.

بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کورستان و وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی عێراق لە بارەی کڕینەوەی گەنمی جووتیارانی هەرێم کردبوویان، بۆ ئەم ساڵ حکوومەتی عێراق بڕی 700 هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان کڕیوەتەوە، کە 228 هەزار تۆن بۆ پارێزگای هەولێر، 282 هەزار تۆن بۆ پارێزگای سلێمانی و 189 هەزار تۆنیش بۆ پارێزگای دهۆک بوو.

دڵخوازەكانتان