نیوەڕۆی 16/3 چی و ەستا؟
پ.د.نەزاکەت حسێن
ئەو چرکەیەی بۆنی سێوو خەردەل ڕژا لەهەڵەبجە، کەشەوانەکە خەریکی ئامادەکردنی کەوەکانی بوو بۆ ڕاو، دایە جەواهیر خەریکی نەرم کردنەوەی مەشکەکەی بوو بۆ ژەنینی ماستی مەڕەکانی، خاڵە باخەوان دەمەزەردی تەورو داسەکەی دەکرد بۆ هەڵپاجینی باخەکەی، خونچەی تازە مارەبڕاو لەبازاڕی قەیسەری لەگەڵ زاوا بەدوای هەڵبژاردنی کراسێکی جوان بو بۆ رۆژی زەماوەندەکەی و کڕینی دەزبەنێکی جوان لای برایمی زەرەنگەربوو، شاگوڵی عاشق هەموو رۆژ سەیری گوڵآنی دەکرد کەی ژوانێک لەگەڵ ‘بەکر’ی خۆشەویستی رێک بخات و لەناو باخەکانی گوڵآن جوانترین گوڵي باخینەی بۆ لێکاتەوە. مامۆستا چیمەنی وانەی هونەری ئیمەش کە چنینی کراسی پولەکەی فێردەکردین پەلە پەلی پێ دەکردین دەیوت خێراکەن ٤ رۆژی ماوە بۆ نەورۆز بزانم کامتان کراسەکەی تەواو دەکات و بۆ نەورۆز لەبەری دەکات. مامەحەمەی سەوزوفرۆشی گەڕەک خەریکی کێڵانی زەویەکەی بوو لەخوار شارەوەو تا کەوەرو سڵق وتەرەتیزەی جوان ئامادەبکات و لە تورەککەی کۆڵی بگرێت و ژنانی گەڕەک بانگ بکات بەم ئاوازە’ئەوە تورە، کەوەرە، تەرەتیزە و سڵق`ی جوانە’ کە هەموو منداڵانی گەڕەک لەبەرمان کردبوو. دایکم بە باپیرەمی وت باوە مێوی حەوشەکەم بۆ ببڕە با ئەمساڵ گەڵآی جوانی هەبێت بۆ یاپراخی بەهار. خاتو ئافتاوی درواسێمان بێڵەکانی کڕی بوو دەیوت ژنان خۆتان ئامادەکەن وا کنگر سەری دەرهێناوە تاپیرنەبوە با بڕۆین کۆڵێ بێنین. باجی خاوەری درواسێمان هەویری شێلابوو بۆنی تەڕە پیازەکەی جنیبووی لەلای دەستی داینابوو گەڕەکی گرتبوو گەڕەک چاوەڕیی کەلانەی دەستیان دەکرد ئەو نیوەڕۆیە بیخۆن بەدۆوە. بەردەمی بینای رۆشنبیری جمەی د ەهات، پۆل پۆل تیم تیم دەهاتن خۆیان بۆ خۆشترین ئاهەنگی نەورۆزی ئازادی ئەوساڵە ئامادەبکەن. مام مەنوچەری کوتاڵ فرۆش کۆڵێک کوتاڵی ئاڵآو واڵآی لەکۆڵ بوو هاواری لەژنانی گەڕەک دەکرد وەرن بۆ ئەلبابی تازەو کراسی هانی هانی بۆ ئەم نەورۆزە. لەیەک چرکەدا هەموو شت وەستا، کەشەوان مردو کەوەکەی لە قەفەسەکەی بەجێهێشت وتاچەند رۆژێک دەیخوێند بەتەنها، مەشکەکەی دایە جەواهیر بەرەقبوویی لەمۆنۆمێنتی هەڵەبجەیە خەڵک وێنەی لەگەڵ دەگرێت. خاڵە باخەوان تەورو داسەکەی لەدەست کەوتە خوارەوە ئێستاش نەدۆزراوەتەوە. خونچەی تازە بوکیش دەستی بەخەنەکەوە بە پەنجە جوانەکانیەوە بڕایەوە لەلایەن فەرهودچیەکانەوە بۆ دەزبەنە جوانەکەی و کراسەکەشی هێشتا لەناو دۆڵابەکەیە لەبەری نەکردوە. شاگوڵ ئیتر لەورۆژەوە هەڵەبجەی بەجێ هێشتوەوەو نایەوێت بگەڕێتەوە گوڵآن ببینێ چونکە بەکری ون کردوە. کراسی قوتابیەکانی مامۆستا چیمەن بەدەرزی و دەزوو پولەکەکانەوە بەتەواو نەکراوی ماونەتەوە. زەویەکەی مامەحەمەی سەوزە فرۆشیش چەند ساڵ هیچی لێنەڕوا چونکە خەردەل سوتاندی. باپیرەم مردوو خەردەل کوێری کرد و دارمێوەکەی دایکیشم بو بەژێر داروپەردوی ماڵەکەوە. خاتوو ئافتاو بەخۆی و بێڵەکانەکەیەوە لە شاخ ونبوو تائێستاش نەدۆزراوەتەوە. کەلانەکەی باجی خاوەر لەسەر سەردۆڵەکەی جێماو کەس لێی نەخوارد. ئەوساڵە نەئاهەنگی نەورۆزگێڕاو نە ژنانی گەڕەک کراسەکەی لە مام مەنوچەریان کڕیبوو لەبەریان کرد. هەموو شت وەستا لەیەک چرکەدا بەڵآم بۆهەتاهەتایە ئەوچرکەیە لەیادەوەری خەڵکی هەڵەبجە مایەوە، کات لەوێوە وەستاوە هەردەیڵێنەوە هەر دەیگێڕنەوە وچیرۆکەکان تەواونابن .