مەسرور بارزانی: سوود وەرگرتن لە هەر دەرفەتێک بۆ ئاشتی و سەقامگیریی گرنگە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندی ئیمرالیی دەم پارتی، بە سەرۆکایەتی هەردوو پەرلەمانتار سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان کرد .

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە “لە دیدارەکەدا، شاندەکە خۆشحاڵی خۆیان بە سەردان و دیدار و کۆبوونەوەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و کورتەیەکیان دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان و هەوڵەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا خستەڕوو و ئاماژەیان بەوە دا، کە ئێستا قۆناخێکی نوێ لە تورکیا دەستی پێکردووە و پرسی ئاشتی و چارەسەری دۆزی کورد بووەتە بابەتێکی گرنگ و پێویستییەکی هەنووکەیی. شاندەکە هەروەها ڕۆڵ و پێگە و پشتیوانیی سەرۆک بارزانیان لە پرۆسەکە بەرز نرخاند.”

وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی سوود وەرگرتن لە هەر دەرفەتێک کردەوە لە پێناو ئاشتی و سەقامگیریی و بەهێزکردنی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و برایەتی نێوان گەلانی ناوچەکە و جیهان بە گشتی.”

هەروەها سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی “پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و کۆتاییهێنان بە شەڕ و توندوتیژی دووپات کردەوە و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاوکاری و هاوئاهەنگییەک لەمبارەیەوە نیشان دا.”

دڵخوازەكانتان