فرۆشتنی کلێنس و ئاو لەلایەن منداڵان لەسەر شەقام قەدەغە دەکرێت
قایمقامیەتی دەربەندیخان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەی ئەمنیی قەزاکە شەش بڕیاری دەرکرد، بەگوێرەی بڕیارەکان فرۆشتنی کلێنس و ئاو لەلایەن منداڵان لەسەر شەقامی گشتی و ترافیک لایتەکان قەدەغە دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26.1.2025، قایمقامیەتی دەربەندیخان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەی ئەمنی شەش بڕیار و رێنمایی بۆ ساڵی نوێ دەرکرد و رایگەیاند، لەپێناو پاراستنی سەرو ماڵی هاوڵاتیان و زامنکردنی ئاسایش و ئارامی شار ئەو بڕیارانە دەرکراون.
لە بڕیارەکاندا هاتووە، لیژنەی هاوبەشی ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ چاودێری قوتابخانەکان دەکەن و لەکاتی چون و هاتنەوەی قوتابییان رێگە بە هاتوچۆی “ماتۆڕسکیلی بێزارکەر” نادرێت.
بڕیارەکان ئەمانەن:
1 – جەختکردنەوە لە پاراستنی ئارامی و ئاسایشی هاوڵاتیان.
2 – کۆتایهێنان بە دیاردەی فرۆشتنی کلێنس و ئاوفرۆشتن لەلایەن منداڵان لەسەر شەقامی گشتی و ترافیک لایتەکان.
3 – چاودێریکردنی قوتابخانەکان لەکاتی چوون و هاتنەوەی قوتابییان لەلایەن لیژنەی هاوبەشی ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ بەتایبەت دیاردەی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلی بێزارکەر.
4 – جەختکرایەوە کە پێویستە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت زیاتر بەدواداچون بکەن لەکاتی گەڕان و سەردانەکانیاندا بۆ فرۆشگا و مارکێت و نۆرینگەو دەرمانخانەکان بەمەبەستی زیاتر پاراستنی ئاسایشی ئابووری و سەلامەتیی هاوڵاتیان.
5 – لابردنی زیادەڕەوی سەر شەقامەکان کە لەلایەن دوکاندار و هاوڵاتیانەوە کراوە، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی تایبەت لەلایەن قایمقامی قەزای دەربەندیخانەوە پێکهێنراوە بۆ لابردنی ئەو زیادەڕەویانە لەسەر هەردوو شەقامی 30 مەتری یەکەم و شەقامی سەرەکی ناوبازاڕ.
6 – بەشی هاتوچۆی دەربەندیخان هەڵدەستێت بە دانانی پلانی گونجاو بۆ رێکخستنی هاتوچۆ لە شەقامەکاندا و هەرجێگەیەک پێویست بێت لە پێناو کەمکردنەوەی لۆدی سەرشەقام و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان دەتوانێت بیکات بە رێگەی تاک ساید و هەموو لایەک هاوکاریان دەبن.