سلێمانی.. ئاگادارییەك لەبارەی كارەبای نیشتمانییەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی، ئاگادارییەكی لەبارەی كوژانەوەی كارەبای نیشتمانی بۆ خاوەن دووكانەكانی نێو بازاڕی شارەكە بڵاو كردەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 26/1/2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كارەبای سلێمانی، ئاگادارییەكی بۆ خاوەن دووكانەكانی ناو بازاڕی شارەكەی بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە: “ئاگاداری هاوبەشانی كارەبای نێو بازاڕ لە شەقامی كاوە، ئەسحابەسی، سابوونكەران و شەقامی ئۆرزدی دەكەینەوە كە كارەباكانیان دەكەونە سەر فیدرەكانی 306+310+316+33+33م+34+34م+38، وێستگەی گۆڕینی كارەبای ناوەندی شار، بەهۆی كاركردنی تیمەكانی پێوەری زیرەك بۆ پڕۆژەی رووناكی، ڕۆژانە لە كاتژمێر 8:00ی بەیانی بۆ 4:00ی عەسر كارەبای نیشتمانییان نابێت، تا كارەكانی پڕۆژەكە تەواو دەبێت.”

پێوەری زیرەك، پڕۆژەیەكی ستراتیژیی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە بەهۆیەوە ڕێگرییەكی زۆر لەو شوێنانە دەكرێت كە كارەبایان چەتاڵ كردبوو، یان دوو هێڵی كارەبایان هەبوو، بەمەش ڕێژەیەكی باشی كارەبا دەگەڕێتەوە نێو یەكەكانی دابەشكردن و كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبا زیاد دەكات.

دوای بەستنی پێوەری زیرەك بۆ هەر هاوبەشێكی كارەبا، ناتوانێت سركێتی ئەمپێری زیاتر لە ئەمپێری دیاریكراو، بەكار بهێنێت، ئەمەش وا دەكات سەرجەم هاوبەشانی كارەبا، بە شێوەیەكی یەكسان كارەبای نیشتمانییان پێ بگات و بەكاری بهێنن.

ئەم جۆرە پێوەرەی كارەبا، بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی كار دەكات و ئەگەر كارەبای نیشتمانی بەهۆی بەكارهێنانی زیادەوە بكوژێتەوە (فیوز بكات)، خۆی دوای چەند خولەكێك هەڵدەبێتەوە.

دڵخوازەكانتان