کۆبوونەوەی شاندی پارتی و یەکێتی دەستی پێ کرد
کۆبوونەوەی هەردوو شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتیی؛ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ دەستی پێ کرد.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 21-01-2025، کۆبوونەوەی هەردوو شاندی تەکنیکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شاری هەولێر دەستی پێ کرد.
کۆبوونەوەکە درێژکراوەی کۆبوونەوەکانی ڕابردووی تایبەت بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و چاوەڕێ دەکرێت ڕەشنووسی بەرنامەی هاوبەشی پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، ئامادە بکرێت.
ئەمە چوارەمین کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی و یەکێتییە لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
ڕۆژی شەممە، 18-01-2025، ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لــە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند “لێکتێگەیشتنی زۆر باش لە نێوان پارتی و یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت هاتووەتە ئاراوە؛ بەمزووانە هەواڵی خۆش لەمبارەیەوە دەبیستین.”
لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە ڕۆژی 20-10-2024 کرا، پارتی 39 کورسی و یەکێتیش 23 کورسی بەدەست هێنا.