ئەمڕۆ شەممە، 30-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هـەرێمی کوردستان بە مەبەستی دانانی بەردی بناغەی سایلۆی هەڵەبجەی سەردانی شارەکەی کرد.

ژمارەیەکی زۆر دانیشتووانی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری، لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەکە ئامادەبوون، دوای ئەوەی رێوڕەسمەکە تەواو بوو؛ لە نزیکەوە چاویان بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کەوت، ئەویش بە وردی گوێی لە داواکارییەکانیان گرت.

دوای ئەوەی خەڵکی هەڵەبجە داواکارییەکانیان گەیاند، چەپکەگوڵیان پێشکەشی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی کرد و وێنەی بەکۆمەڵی یادگارییان لەگەڵ چرکاند. سەرۆکوەزیرانیش دووپاتی کردەوە، هەرچی لەسەر حکوومەت بێت لە پێناو خزمەتکردنی خەڵکی پارێزگاکە، درێخی ناكەن.

سەرۆکی حکوومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا، هەرچەندە زیاتر لە 10 ساڵ دەبێت حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بە پارێزگەبوونی هەڵەبجەی داوە؛ بەڵام بە داخەوە تا ئێستەش ڕێکارەکانی بەپارێزگەبوونی هەڵەبجە لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە تەواو نەکراون. بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە هەرچی زووە ئەم ڕێکارانە تەواو بکرێن و لەسەر ئاستی فیدراڵیش بە شێوەیەکی فەرمی، وەک پارێزگەیەک مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجەدا بکرێت و بودجەی پەرەپێدانی بۆ تەرخان بکرێت.

دڵخوازەكانتان