هەموو یەکەکانی نیشتەجێبوونی ناو پڕۆژەکان تاپۆ دەکرێن


سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە دوو ساڵی رابردوودا ئێمە لیژنەیەکی هاوبەشی 54 کەسیمان پێکهێناوە، کە بریتین لە “شارەوانی، وەبەرهێنان و تاپۆ”. پڕۆژەکانی یەکەی نیشتەجێبوون بەناوی خاوەن پرۆژەکە دەکەین و ئەویش بەناوی کڕیارەکانی دەکات.

د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاند، تاپۆکردنی یەکەکانی نیشتە جێبوون کە دەستەی وەبەرهێنان یان فەرمانگەکانی وەبەرهێنان ئێستا مۆڵەتیان پێ دەدەن، لە 2006ەوە بەردەوامە و بەشێکیان تاپۆ کراوە.

محەممەد شوکری گوتیشی: لە دوو ساڵی رابردوودا ئێمە لیژنەیەکی هاوبەشی 54 کەسیمان پێکهێناوە، کە بریتین لە “شارەوانی، وەبەرهێنان و تاپۆ” دەشڵێت، ئەو لیژنەیە بە پێشنیاری وەزارەتی شارەوانی هەندێک ڕێکاری نوێیان پێشنیار کرد.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەشڵێت: لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان لە 17-10-2023، ئەو ڕێکارانەی وەزارەتی شارەوانی بۆ خێرا کردنی پرۆسەی تاپۆکردن لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە ڕەزامەندی لەسەر درا.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەر پڕۆژەیەکی وەبەرهێنان ڕێژەی دەستکەوتی گەیشتە نزیکەی لە سەدا 60، ئەو کات بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەبەرهێنانی بۆ دەردەچێت، بۆ ئەوەی بەناوی خاوەن پڕۆژەکە بکرێت، ئەویش دواتر بەناوی ئەوکەسانە دەکات کە یەکەکەیان کڕیووە و گرێبەستیان هەیە.

سەبارەت بەوانەی یەکەکانیان لە دەستی دوو و سێ کڕیووە، ئایا پرۆسەکە بۆ ئەوان چۆن دەبێت، لەوەڵامدا محەممەد شوکری گوتی: ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەو گرێبەستە دەکەین کە لە نێوان وەبەرهێنەر و کڕیارەکە هەیە، دەشڵێت. سەرەڕای ئەوەی کڕین و فرۆشتن لە ڕێگەی نووسینگەکانی خانووبەرەوە کراوە، گرێبەستێک هەیە لە نێوان کڕیار و فرۆشیار ئێمە مامەڵە لەگەڵ ئەو گرێبەستە دەکەین.

باسی لەوەشکرد، مەبەستمانە بەزووترین کات هەموو ئەویەکانە تاپۆ بکرێن، کە لەنێوان نووسینگەکانەوە دەکرێت، جگە لەوەش دەبێتە داهاتێکیش بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها حکوومەتیش ئاگادار دەبێت لە کڕین و فرۆشتنی ئەویەکانە جا چ شوقە بێت یان خانوو بێت.

دڵخوازەكانتان