زیاتر لە 27 هەزار قوتابی لە سلێمانی بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن

دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە سنووری پارێزگای سلێمانی قوتابییانی پۆلی 12ی هەر سێ بەشی زانستی، وێژەیی و پیشەیی لە 423 هۆڵدا بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن.

گوتیشی: قوتابییانی پۆلی 12ی بەشی زانستی ژمارەیان 20 هەزار و 773 دەبێت و لە 303 هۆڵ تاقیکردنەوە دەکەن و بەشی وێژەییش ژمارەیان 6007 وێژەیی لە 97 هۆڵ و پۆلە کۆتاکانی بەشە پیشەییەکانیش کە ژمارەیان هەزارو 49 قوتابییە و لە 23 هۆڵ بەشداریی تاقیکردنەوەکان دەکەن.

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕاشیگەیاند، بۆ ئەم ساڵ 26 جۆرە پرسیار دانراوە و سێ هەزار و 907 سەرپەرشتیار و مامۆستا و چاودێر بە سەر هۆڵەکانی تاقیکردەوە دابەش بوونە.

هەروەها ئاماژەی دا، کارەبای نیشتمانی و ئامێرەکانی فێنککەرەوە بۆ گشت هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دابینکراوە و بۆ ڕێگریی لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراویش لەگەڵ هێزەکانی ناوخۆ هەماهەنگی تەواوکراوە، بۆ ئەمەش مەفرەزەی تایبەتی پۆلیس بۆ هۆڵەکانی تاقیکردنەوە دانراون.

دڵشاد عومەر بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی سەبارەت بە گزی و سزادانی سەرپێچیکاران گوتی: لە یاسای وەزارەتی پەروەردە ماددەی 83 هەیە تایبەت بە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی گزی یان ئەو کارمەندانەی پەروەردە ناپاکی لە ئەرکەکەیان دەکەن، بە گوێرەی یاساکە هەر فەرمانبەرێک ناپاکی بکات سێ ساڵ زیندانی دەکرێت، ئەگەر هاتوو ئەندامی لیجنەی تاقیکردنەوەکان بێت، ئەوە سزاکەی شەش ساڵ زیندانی دەبێت و لە پلەی وەزیفیش دوور دەخرێتەوە.

گوتیشی: هەر قوتابییەکیش گزیی بکات، ئەوە تەواوی ساڵەکەی بەکەوتوو بۆ هەژمار دەکرێت، هەر قوتابییەکیش بە بلوتوسەوە بگیرێت دەدرێتە دادگا.

دڵخوازەكانتان