بڕیار لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایاری هێزە ئەمنییەکان درا

وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی دا.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 23-06-2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیاند، وەزارەتەکە بڕیاری لەسەر خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانی داوە و بەم زووانە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی 10-06-2024، بڕی 344 ملیار و 875 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی مانگی نیسانی هێزەکانی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

هەمان ڕۆژ، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی نیسانی وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد و تاوەکوو ڕۆژی سێشەممە، 11-06-2024 بەردەوام بوو.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.

ڕۆژی یەکشەممە، 09-06-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان؛ ڕایگەیاند، “ئێمە بەردەوام لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی فیدراڵ لە پەیوەندیداین و گەیشتووینەتە قۆناغی كۆتایی. هیوادارم ئێمە توانیبێتمان لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدا كارێكی وا بكەین بابەتی بودجە و مووچە بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارە بكرێت”.

دڵخوازەكانتان