ئەنجوومەنی وەزیران به‌سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانی کۆدەبێتەوە و چوار تەوەری گرنگ تاوتوێ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە، (12 ی حوزەیرانی 2024)، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەت، كۆ دەبێتەوە و چوار بڕگەی سەرەكی تاووتوێ دەكات.
لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، ئەنجامی سەردانی شاندی باڵای حكومەتی هەرێم و نوێنەری كۆمپانیا نەوتییەكان بۆ بەغدا تاووتوێ دەكرێت، كە لە ڕۆژانی 8 و 9 ی حوزەیران لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراقی بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم كۆبوونەوە.
لە بڕگەی دووەمدا، پرسی كردنەوەی دوو گۆڕەپانی گومرگی لە پارێزگاكانی دیالە و موسڵ  كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە كراونەتەوە، تاووتوێ دەكرێت.
بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەكە بریتییە لە خستنەڕووی بابەتی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، كە بڕیارە لە 20-21 ی تشرینی دووەمی 2024، لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت.
بڕگەی چوارەمی كۆبوونەوەكە، بریتییە لە خستنەڕووی ئامادەسازییەكانی وەزارەتی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ تاقیكردنەوە گشتییەكانی پۆلی 12 ی ئامادەیی لە سەرتاسەری هەرێم، بە هەموو بەشەكانییەوە.

دڵخوازەكانتان