پارتی بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، پارتی بە نووسراوی فەرمی خواستی خۆی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەربڕیوە.

یەکشەممە، 09-06-2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان بە نووسراوێکی فەرمی کە ئاراستەی فەرمانگەی کاروباری لایەنە سیاسییەکانی کۆمیسیۆنەکە کردووە، خواستی خۆی بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەربڕیوە.

هەر چەندە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 10-06-2024ـی بۆ بەڕێوەچوونی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەستنیشان کردبوو، بەڵام لەبەر بەشدارینەکردنی پارتی و پێکهاتەکان، بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسییەکەی کۆتای پەرلەمانی کوردستان و “دەستتێوەردانی دەرەکی و ئامادەکردنی دیزاینی پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنەکە”، هەڵبژاردنەکە جارێکی دیکە دواخرا.

ڕۆژی یەکشەممە، 02-06-2024، ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی بەشداریی حزبەکەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، “ئێمە هەمیشە ئامادەبووین بۆ هەڵبژاردن، بەڵام هەندێک تێبینیمان لەسەر میکانیزمەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە هەبووە. بەو گۆڕانانەی ئێستا ڕوویان داوە، بەڵێ ئێمە بەشداریی هەڵبژاردن دەکەین”.

بە گوێرەی نووسراوێکی عومەر ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە ئاراستەی نووسینگەی فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کراوە؛ کۆمیسیۆنەکە پێشنیازی کردووە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی 05-09-2024 بەڕێوە بچێت.

بە گوتەی ئاری هەرسین، پێشنیازەکەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەچێتە بەردەم نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەویش “بە ڕاوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کە بووەتە نەریت، ڕۆژێکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکات”.

دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان، کە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقە، لە وەڵامی ژمارەیەک سکاڵای پێشکەشکراو لەلایەن پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بڕیاری دا لە 100 کورسیی پەرلەمانی کوردستان، پێنج کورسیی بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکرێن. واتا 95 کورسی گشتیی دەبن، پێنج کورسییەکەی دیکەش تایبەت دەبن بە پێکهاتەکان.

ڕۆژی سێشەممە، 21-05-2024، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد. بە گوێرەی دەقی بڕیارەکە کە ڕۆژی دووشەممە، 20-05-2024 دەرچووە؛ پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کوردستاندا دابەش دەکرێن:

1.  هەولێر: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).

2.  سلێمانی: دوو کورسی (یەکێکیان بۆ کریستییانەکان و یەکێکیان بۆ تورکمانەکان).

3.  دهۆک: یەک کورسی بۆ ئەرمەنەکان

دڵخوازەكانتان