سەنتەری ڕاویژکاری کۆچ لە هەرێمی کوردستان کرایەوە

ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتاری ڕێوڕەسمی کردنەوەی پرۆژەی سەنتەری ڕاویژکاری بۆ کۆچ ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان دەبێتە نۆیەم وڵات لە ئاستی جیهانییدا ئەم سیستەمە پەیڕەو دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی حوزەیرانی 2024، لە هەولێر ڕێوڕەسمی کردنەوەی سەنتەری ڕاوێژکاری کۆچ بە سەرپەرشتی وەزیری ناوخۆ و وەزارەتە پەیوەندارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نێردەی وڵاتان بەڕێوەچوو. ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەم سیستەمە دەستکەوتێکی نوێیە و لەلایەن چەند وڵاتێکەوە پشتیوانی لێدەکرێت.

گوتیشی: بە دامەزراندنی پرۆژەی سەنتەری ڕاویژکاری بۆ کوچ دەرگایەکی نوێ بۆ بە ستاندارد کردنی ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان، زیاتر پاراستنی هاونیشتمانیان، دابینکردنی خزمەتگوزاری زیاتر، بڵاوکردنەوەی هۆشیاری زیاتر لە بارەی کۆچی نایاسایی، بەرزکردنەوەی توانای گەنجان دەستگەیشتنیان بە هەلی کاری یاسایی لە وڵاتان، ئاشناکردنی گەنجان بە ئەزموونی وڵاتان هەنگاوێکی دیکە دەنێین.

هەروەها ڕاشیگەیاند، هەرێمی کوردستان دەبێتە نۆهەمین وڵات ئەم سیستەمەی تێدا جێبەجێ دەکرێت.

هەر لە وتارەکەیدا، ڕێبەر ئەحمەد گوتی: دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو بۆ یەکەمجار لە عێراق و هەرێمی کوردستان سیستەمی گەڕانەوەی نیشتمانی دامەزرا کە زیاتر لە 100 وڵاتی کاری پێدەکرێت، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە پشتیوانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ توانی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک ئەم سیستەمە بخاتە کار و خزمەتی ئەو هاووڵاتییانە بکات کە لە تاراوگە دەگەڕێنەوە، ئەمەش لە پێناو زوو تێکەڵکردنەوەیانە لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردستان.

گوتیشی: پەرەپێدانی سیستەمەکە بەردەوامە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەم سیستەمە لە تەواوی پارێزگاکانی دیکەی و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان دەخرێتە کار و خزمەتکردنی هاووڵاتییان.

هەروەها ئاماژەیدا، وەزارەتی ناوخۆ بەردەوام بووە لە بەرزکردنەوە ئاستی کارکردنی دامەزراوەی کۆچ لە هەرێمی کوردستان بە دانانی سیستەمی ئەلیکترۆنی و هێنانی شارەزایانی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریی و کەمکردنەوەی لە کۆچی نایاسایی و پاراستنی سەلامەتی هاونیشتمانیان.

دڵخوازەكانتان