زۆرینەی دەرچووانی ئەمڕۆی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسین

ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی شەشەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک بەڕێوە دەچێت و بڕوانامە بە 68 قوتابی دەدرێت کە زۆرینەیان کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش و زیندانییە سیاسییەکانن.

کاتژمێر 06:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، 02-06-2024، ڕێوڕەسمی گەڕی شەشەمی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک بەڕێوە دەچێت.

هەڵمەت کوێستانی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لەم خولەی دەرچووندا، بڕوانامە بە 68 قوتابیی کۆلێژەکانی ئەندازیاری، کارسازی، زانست و هونەر و خوێندنە نێودەوڵەتییەکان دەدرێت.

وەکو ئەوەی هەڵمەت کوێستانی ئاماژەی پێ کرد، زۆرینەی ئەو قوتابییانەی لەم خولەدا دەردەچن، کەسوکاری شەهیدانی شەڕی داعش و زیندانیانی سیاسین و بۆ ماوەی چەند ساڵێک بوو بێ بەرامبەر، لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک دەیان خوێند. گوتیشی، بە هەژمارکردنی ئەم خولە، لە ساڵی 2014ـەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 700 قوتابی لە زانکۆکە خوێندنیان تەواو کردووە.

زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، لە ساڵی 2014 دامەزراوە. لە چوار کۆلێژ و 10 بەشی جیاواز پێک دێت. بڕوانامەکەی لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، متمانە پێکراوە و یەکێکە لە زانکۆ ئاست بەرز و ناسراوەکانی عێراق و ناوچەکە.

زمانی خوێندن لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک ئینگلیزیە و بە سیستمی “هونەری ئازاد” قوتابیانی پەروەردە دەکات، کە بریتیە لە پێشکەشکردنی چەندین کۆرسی جۆراوجۆر لە زانستە مرۆڤایەتی و سروشتییەکان بە قوتابی، پێش ئەوەی لە شارەزایەکیی دیاریکراودا دەست بە خوێندن بکات. ئەم جۆرە سیستەمە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بڵاوی پەیڕەو دەکرێت.

دڵخوازەكانتان