مەسرور بارزانی و محەمەد شیاع سوودانی كۆ بوونەوە
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە بەغدا كۆ بوونەوە و چەند بابەتێكیان تاوتوێ كرد.
كەمێك پێش ئێستا (پێنجشەممە 30/5/2024)، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە بەغدا كۆ بوونەوە، له كۆبوونهوهكهدا گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور تاوتوێ کرا.
هەردوولا هاوڕابوون لهسەر پێویستیی بهردهوامبوونی گفتوگۆى بنياتنهرانە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کە لە بەرژەوەندیی سەرجەم پێکهاتە و هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.
هەر ئەمڕۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە بەغدا و لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند: “یەكەم دیدارمان بەغدا لەگەڵ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق بوو كە برایەكی خۆشەویست و ئازیزمانە، دوای ئەو دیدارەش، دیدار و گفتوگۆمان لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەرپرسە باڵاكانی دیكەی حكوومەتی فیدراڵی و حزبە سیاسییەكان دەبێت، لەسەر كۆمەڵێك ئەو گرفتانەی تاوەكوو ئێستا ماون، هەروەها لەلایەكی دیكەوە بۆ پتەوكردنی ئەو پەیوەندییە باشانەی كە ئێستا خەریكن دەكەونە سەر سكەی خۆیان.”
لەبارەی كێشەی مووچەی هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ، سەرۆكی حكوومەت گوتی: “گفتوگۆ لەبارەی ئەوەش دەكەین و ئینشاڵا چارەسەر دەبێت.”
ئەمڕۆ، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گەیشتە بەغدا، لەبارەی سەردانەكەشی بۆ بەغدا، لە هەژماری تایبەتیی خۆی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس)، دەڵێت: “ئەمڕۆ لە بەغدام بۆ جەختکردنەوە لەسەر دابینکردنی مافەکانی خەڵکی کوردستان و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور.”
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوەش داوە: “دەبێت سەقامگیری و ئابوورییەکی بەهێز کاری لەپێشینەمان بێت.”
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکوومەتی ههرێمى كوردستان، بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و بەرپرسانی دیکەی حکوومەتی فیدراڵ و سەرکردە و بەرپرسانی لایەنە سیاسییەکانی عێراق، گەیشتە بەغدا.
لە کۆبوونەوەکاندا، جیا لە تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراق، گفتوگۆ لەبارەی پێویستیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، بە تایبەتی دابینکردنی مووچە و ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەکرێت.
هەر لە كۆبوونەوەكانی سەرۆكی حكوومەتدا، برەودان بە هاریکاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەردوولا لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت.