قائیمقامیه‌تی سلێمانی شەش هۆڵی بلیارد دادەخات

قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردەوە؛ بەهۆى سەرپێچیکردن لە مەرج و رێنماییەکانی کارکردن و هەبونی مێرمنداڵ لە شوێنەكانیاندا، لیژنە هاوبەشەكان شەش هۆڵی بلیارد-یان داخستوە.

قائیمقامیەتی سلێمانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاویكردەوە، به‌هۆی هه‌بونی كه‌سانی خوار تەمەن (18) ساڵ له ‌شوێنه‌كانیاندا، به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی و لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە هۆڵه‌كانی بلیاردی (گه‌نجانی ئیسكان له‌ گه‌ڕه‌كی ئیسكان، حه‌مرین له‌ شه‌قامی كاوه‌، راسۆن له‌ سابونكه‌ران، میرخان له‌ شه‌قامی گۆران و  چراخان و رۆژگار لەبازاڕی دارەسوتاوەکە) دا‌خستوە و خاوه‌نه‌كانیشیانی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی توند كردوەتەوە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، بەپێی رێنماییەکانی کارکردن، نابێت دوكان و ماركێته‌كان جگه‌ره‌ و جگه‌ره‌ی ئه‌لیكترۆنی به‌ مێرمنداڵ بفرۆشن، هه‌روه‌ها هۆڵه‌كانی بلیارد، گازینۆ، كافتریا و شوێنی نێرگه‌له‌ كێشان، باڕ و دوكانه‌كانی فرۆشتنی خواردنه‌وه‌ كحولیه‌كان رێگری لە منداڵی نەوجەوان و ته‌مه‌ن خوار (18) ساڵ بکه‌ن بۆ شوێنەکانیان نێرگه‌له‌ و خواردنه‌وه‌ كحولییه‌كانیان پێنه‌فرۆشن بەپێچەوانەوە روبەڕوی رێکارە یاساییەکان دەکرێتەوە.

دڵخوازەكانتان