سەرۆکوەزیران: دەمانەوێت سۆران بکەینە ناوچەیەکی گەشتیاریی جیهانی


سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دەیانەوێت سۆران بکەنە ناوچەیەکی گەشتیاریی جیهانی. بەرپرسانی ناوچەکەشی ڕاسپارد،  بەبێ جیاوازیی خزمەتی هاووڵاتییان بکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، 28-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کرد و لەگەڵ سەرپەرشتیار و قائیمقامەکان و بەڕێوەبەری ناحیەکان و بەڕێوەبەرانی دیکەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆبووەوە.

سەرۆکی حکوومەت لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژەی بە گرنگیی دەڤەرەکە و خەبات و قوربانیدانەکانی خەڵکی ناوچەکە کرد و گوتی، “لە ڕووی کشتوکاڵ و بازرگانی و گەشتوگوزارەوە، ئەم ناوچەیە دەرفەتی زۆری لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی زیاتر پێشبکەوێت، بەتایبەتی ئامانجمانە کە ئەم دەڤەرە بکەینە ناوچەیەکی گەشتیاریی جیهانی.”

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەرپرسانی ناوچەکەشی ڕاسپارد، بەبێ جیاوازیی خزمەتی هاووڵاتییان بکەن. لە کۆتاییدا، ئامادەبووان چەندین پێشنیاریان بۆ باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزارییەکان لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خستەڕوو.

دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی چوار پرۆژە کە بریتین لە (ڕێگەی دووسایدی 40 مەتریی هۆڵی بۆنەکان – شەهیدانی ئازادی، پارکی ناوشار، پارکی نیشتمانی و ئۆڤەرپاسی دەروازەی سۆران) دانا.

پاش دانانی بەردی بناغەی ئەو چوار پرۆژەیەش، سەرۆکوەزیران پرۆژەی “ئەکواپارکی میرۆ لە شنگلبانە” لە قەزای رواندز، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردەوە.

دڵخوازەكانتان