سەرۆک بارزانی: شۆڕشی گوڵان پەیامێكی ڕوونی بە هەموو ناحەزان و نەیارانی گەلی كوردستان دا

پەیامی سەرۆك بارزانی لە پەیامێکدا بە بۆنەی 48ـەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵان ڕایدەگەیەنێت، ئەو دەستكەوتانەی بەدەست هاتوون بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ڕەنج و ماندووبوونی گەل و پێشمەرگە و خەباتگێڕانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم شۆڕشەكانی گەلی كوردستانە.

هەر لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی هاتووە: شۆڕشی گوڵان قۆناغێكی گرنگی مێژووی گەلەكەمان و ئەزموونێكی پڕ بەهای خۆڕاگری و هەستانەوەی گەلی كوردستانە. لە بارودۆخی دوای نسكۆ و ئاوارەیی و لەژێر گوشاری جۆراوجۆری نەیاراندا توانرا بە پلانێكی ورد و بڕوایەكی بەرز شۆڕشی گوڵان هەڵبگیرسێت.

هەروەها ئاماژەیداوە، شۆڕشی گوڵان كە هەڵگری بەها و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو پەیامێكی ڕوونی بە هەموو ناحەزان و نەیارانی گەلی كوردستان دا.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی سڵاو بۆ گیانی یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی و هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان دەنێرێت و ڕایدەگەیەنێت “ئەو دەستكەوتانەی بەدەست هاتوون بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ڕەنج و ماندووبوونی گەل و پێشمەرگە و خەباتگێڕانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم شۆڕشەكانی گەلی كوردستانە”.

ئەمەش دەقی پەیامەکەیە

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

شۆڕشی گوڵان قۆناغێكی گرنگی مێژووی گەلەكەمان و ئەزموونێكی پڕبەهای خۆڕاگری و هەستانەوەی گەلی كوردستانە. لە بارودۆخی دوای نسكۆ و ئاوارەیی و لەژێر گوشاری جۆراوجۆری نەیاراندا توانرا بە پلانێكی ورد و بڕوایەكی بەرز شۆڕشی گوڵان هەڵبگیرسێت. شۆڕشی گوڵان كە هەڵگری بەها و ئامانجەكانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو پەیامێكی ڕوونی بە هەموو ناحەزان و نەیارانی گەلی كوردستان دا، كە سەرباری بەهێزیی و ستەمكاریی دوژمنان و بوونی پیلانگێڕیی جۆراوجۆر، گەلی كوردستان خۆی بەدەستەوە نادات و  ڕۆڵەكانی تێكۆشانی خۆیان بۆ گۆڕەپانی حەقیقیی خەبات كە خاكی پیرۆزی كوردستانە دەگوازنەوە.

لە چل و هەشتەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا سڵاو بۆ گیانی یەكەم شەهیدی شۆڕشی گوڵان شەهید سەید عەبدوڵڵا حاجی ئۆمەرانی و هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان دەنێرین و، ئەو تێكۆشەر و قارەمانانەش هەرگیز لەیاد ناكرێن كە لە خەباتی پێشمەرگایەتی و حزبی و خەباتی نهێنیی ناو شار و لە ئاوارەییدا ڕۆڵیان لە شۆڕشی گوڵاندا هەبووە و قوربانیان داوە و مێژوویان بۆ گەلەكەیان دروست کردووە. ئەو دەستكەوتانەی بەدەست هاتوون بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ڕەنج و ماندووبوونی گەل و پێشمەرگە و خەباتگێڕانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم شۆڕشەكانی گەلی كوردستانە.

مەسعود بارزانی

26ـی ئایاری 2024

دڵخوازەكانتان