سامان بەرزنجی: تووشبووێكی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی كوردستان گیانی لەدەست دا

50 حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمار كراون و حەوت لەوانە مردوون، هەروەها دوو حاڵەت لە هەرێمی كوردستان تۆمار كران، یەكێك لەوانە گیانی لەدەست دا.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا، ئاماژەی بەوە كرد، دوێنێ، دوو حاڵەتی تای خوێنبەربوون تۆمار كران، یەكێك لەوانە بەرلەوەی بگاتە نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.

لە عێراق، 50 حاڵەتی نەخۆشی تای خوێنبەربوون تۆمار كراون، هەشت حاڵەتی مردن هەبووە، یەكێك لەوانە لە هەرێمی كوردستانە.

وەزیری تەندروستیی روونی دەكاتەوە، لە وەرزی هاوین، ئامادەكارییەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشییە گوازراوەكان چڕتر دەكرێنەوە، بەتایبەت بۆ نەخۆشی سكچوون، كۆلێرا و تای خوێنبەربوون.

تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە، لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، بەهۆی گەنەیەكەوە كە ڤایرۆسەكە هەڵدەگرێت، دواتر دەچێتە سەر لەشی ئاژەڵەكە و تووشی نەخۆشییەكەی دەكات، نیشانەكانیشی بەدیار ناكەوێت.

بەهۆی سەربڕینی ئاژەڵی تووشبوو یان كوشتنی گەنەكە خوێنەكەیان بەر مرۆڤ بكەوێت، ئەوا ئەو كەسە تووشی دەبێت.

نیشانەكانی نەخۆشییە لە ماوەی سێ بۆ هەفتەیەك لەسەر ئەو كەسە بەدەردەكەوێت، نەخۆشەكە تایەكی بەرز دەگرێت و هەموو جەستەی ئازاری دەبێت و بەتایبەت ئازاری پشت و مل دروست دەكات.

دڵخوازەكانتان