ئەو چەمک و زاراوانەی بوونی خۆیان لە دەرکەوتنی بارزانی نەمردا دۆزییەوە

ئەو چەمک و زاراوانەی بوونی خۆیان لە دەرکەوتنی بارزانی نەمردا دۆزییەوە
سوورە مەرگەیی
کوردستانی بوون:ــ بەر لە دەرکەوتنی بارزانیی نەمر، شۆڕشگێڕانی کورد لە سووچێکەوە لە کوردستانی بوونیان دەڕوانی و ئەو ڕوانینەش بە تاوان دەزانرا، دەرکەوتنی بارزانی نەمر ئەو ڕوانینەی گۆڕی و وای لە کوردپەروەر و شۆڕشگێڕانی کورد کرد، کوردانە و لە هەر چوار سووچەکەی کوردستانەوە بۆ کوردستانی بوون بڕوانن.
کوردایەتی:ــ بەر لە دەرکەوتنی بارزانیی نەمر کوردایەتی لە هەناوی خێڵ و عەشیرەت و سیاسەتی ناوچەگەراییدا دەگوشرا، لەو لاشەوە داگیرکارانی کوردستان کوردبوون و کوردایەتیان بە تاوان دەزانی، بە دەرکەوتنی بارزانیی نەمر شکۆ و سەروەری بۆ کوردبوون و کوردایەتی گەڕایەوە، ئەو گەڕانەوەیەش وای لە تاکی کورد کرد شانازی بە تاوانی کوردبوون و کوردایەتی کردنی خۆیەوە بکەن
. بڕوا بە خۆبوون:ــ بەر لە دەرکەوتنی بارزانیی نەمر داگیرکارانی کوردستان بە هێز و زەبروزەنگ و پیلانگێڕی، ئیرادەی نەتەوەیی و بڕوا بە خۆبوونی تاکی کوردیان تێک شکاندبوو، بارزانی نەمر بە خۆڕاگری لەبەردەم زەبروزەنگ و وەڵامدانەوەی پیلانگێڕییەکان، ئیرادەی نەتەوەیی و بڕوا بە خۆبوونی بۆ تاکی کورد گێڕایەوە.
ئازایەتی:ــ بەر لە دەرکەوتنی بارزانیی نەمر ئازایەتی شانازی بە بوونی خۆیەوە دەکرد و پێی وابوو هەموو ئازاکان لە بوونی ئەودا کۆ دەبنەوە، بەڵام کاتێ بارزانیی نەمر دەرکەوت، ئازایەتی لەوە گەیشت کە لە ئەویش ئازاتر هەیە و خۆی بەشێکە لەو ئازایەتیەی کە لە بارزانیی نەمردا بەرجەستە بووە.
دادپەروەری:ــ هەموو ئەوانەی لە خۆشی و ناخۆشیدا لە بارزانیی نەمر نزیک بوون و لەگەڵی ژیاون، شاهیدی ئەوە دەدەن کە خۆی جیا نەکردۆتەوە و لە شەڕ و تەنگانەداشدا لەو شوێنە بووە کە زۆرترین مەترسی لێبووە، بۆیە ئێستاش دەبینین دادپەروەری ئاخ بۆ دەرکەوتن و سەردەمی بارزانیی نەمر هەڵدەکێشێ.
شۆڕشگێڕی:ــ کاتێک بارزانیی نەمر رابەرایەتی شۆڕشی گرتە دەست، سەربەخۆیی بووە خواستی ژێردەستان و خۆنەویستی و گیان بەخشینیش لای سەربەخۆخوازان بووە ئەرک و ماف، لێرەوە شۆڕشگێڕی کەوتە نەفرەت بارانکردنی ئەو کەس و لایەنانەی کە سەربەخۆیی ناکەنە دوا ئامانج و خۆ نەویستانە بەگژ زوڵم و ستەم و ژێردەستیدا ناچنەوە.
سەنگەر:ــ بەر لە دەرکەوتنی بارزانیی نەمر، سەنگەرەکان فرە رەنگ و فرە ئاواز بوون، بەڵام کاتێ بارزانیی نەمر دەرکەوت، هەموو سەنگەرەکان بوونە سەنگەری (کوردستان یان نەمان)و بە ئاوازی نەمری (ئەی رەقیب)یان بۆ بنیاتنانی داهاتوو دەچڕی.
دیموکراسی:ــ ئەوکاتە هەڕەشە لەسەر دیموکراسی نامێنێ کە شوێنی هەموو جیاوازییە سیاسی و دینی و مەزهەبیەکانی تێدا ببێتەوە، بە واتایەکی تر پێکەوەژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لای جیاوازییەکان ببێتە مەبدەئی کار پێکراو، جا ئەگەر ئەوە بنەمای دیموکراسی بێت، ئایا لە دوای بارزانیی نەمر دیموکراسی لە کوردستان هەست بە هەتیو بوونی خۆی ناکات؟!
هەستانەوە:ــ بەر دەرکەوتنی بارزانیی نەمر کەوتن بڕیستی لە هەستانەوە بڕی بوو، ئەو کەوتن کوردی دەدایە دەست ئەو کەوتن، بەڵام بە دەرکەوتنی بارزانی نەمر هەستانەوە هێزی هەستانەوەی سرووشتی خۆی وەرگرتەوە و کەوتن بۆ هەمیشە کەوت
. شەونخونی:ــ بەر لە دەرکەوتنی بارزانیی نەمر شەونخونی پێی وابوو لە شەوانی ئەنگوستە چاو و لێزمە باران و پێتەڵووکەی کڕێوە و بەفردا، ئارامی بەسەر توولە رێگاکاندا دەکشێ و پێیەکان بێ هەست و بێدەنگ دەبن، بەڵام بارزانی نەمر ئەو بۆچوونەی شەونخونی کردە خەیاڵ و لە شەوە ئەنگوستە چاوەکاندا توولە ڕێگاکانی کردنە شاڕێی شۆڕشگێڕان و سەربەخۆخوازانی کوردستانی داگیرکراو
دڵخوازەكانتان