سەرۆک بارزانی: کورد هیچی لە نەتەوەکانی دیکە کەمتر نییە

سەرۆک بارزانی بە پێویستی دەزانێت بایەخ بە پڕۆسەی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی دژی گەلی کورد بدرێت. دەشڵێت، ئەگەر تاکی کورد دەرفەتی پێ بدرێت دەتوانێ تواناکانی بسەلمێنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15ی ئایاری 2024، سەرۆک مەسعود بارزانی لە سەلاحەددین پێشوازی لە سەرباز بەرزنجی، ئەندامی ئەنجوومەنی لەندەن لامبس کرد.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی گرنگیی ڕۆڵ و بەشداریی ڕەوەندی کوردی لە وڵاتانی تاراوگە ئاڵوگۆڕ کرا، بە تایبەت رۆلی رەوەندی کوردی لە بەریتانیا و پشتگیری و هاوکاریکردنیان بۆ گواستنەوەی ئەزموونی پێشکەوتووی ئەو وڵاتە بۆ هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا “ڕۆشنایی خرایە سەر هەماهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا لە پێناو ئاڵوگۆڕی زیاتری کولتووری، زانستی، سیاسیی، بازرگانی و تەکنەلۆژیا”.

 

هەر لەو دیدارەدا، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرباز بەرزنجی ئەوەی بە سەرۆک بارزانی  ڕاگەیاند، بۆ باشترکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە هەمەچەشنەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا و ناساندنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد لە کوردستان و تاراوگە، هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ لەو پێناوەدا.

لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی سەرباز بەرزنجی کرد بۆ ئەو خزمەتەی بە گەلەکەی دەکات لە تاراوگە و هەوڵەکانی بۆ یادکردنەوەی فەرمی و کردنەوەی هەردوو مۆنۆمینتی هەڵەبجە و ئەنفال لە ناوەندە فەرمییەکانی وەڵاتی بەریتانیا. “هەروەها وەک نموونەیەک وەسفی کرد کە ئەگەر کورد دەرفەتی پێ بدرێت دەتوانێ تواناکانی بسەلمێنێت و هیچی لە نەتەوەکانی تر کەمتر نییە”.

سەرۆک بارزانی هەروەها هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ سەرباز بەرزنجی خواست و ئاماژەی بەوە دا “پێویستە  بایەخ بە پڕۆسەی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی دژی کوردە فەیلییەکان و بارزانیەکان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و ئەنفالی گەلی کورد بدرێت”.

لە کۆتایی دیدارەکەدا سەرباز بەرزنجی باجی شکۆی پێشکەش بە سەرۆک بارزانی کرد کە ئەمساڵ لە ساڵیادی ئەنفال پێی بەخشرابوو.

دڵخوازەكانتان